سەرۆک بارزانی و ڕۆڵە گرنگەکانی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا

سەرۆک بارزانی و ڕۆڵە گرنگەکانی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا

نووسینی: سەعید عومەر

سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵی سەرەکی بینی لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە کوردستانی سووریا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کورد بوونەتەوە. ئەم ڕۆڵە نوێنەرایەتی هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و بەرەوپێشبردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سووریا دەکات و نێوەندگیری لەنێوان لایەنە جیاوازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و ئاشتییانە دەکات.

* چاوخشاندنێکی گشتگیر بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی:

1- بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد

لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە لە ساڵی 2011، سەرۆک بارزانی داوای یەکخستنی گوتاری سیاسیی کوردی لە سووریا کرد بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد. ئەم هەوڵانە لە ڕێککەوتننامەکانی وەک "رێککەوتنی هەولێر 1"، "رێککەوتنی هەولێر 2"، و "رێککەوتنی دهۆک" لەنێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا، بەتایبەتی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پەیەدە بەدی دەکرا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا.

بۆ نموونە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆک بارزانی نوێنەری نارد بۆ کوردستانی سووریا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد کۆببێتەوە و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بانگهێشتی هەولێر کرد بۆ تاووتوێکردنی یەکخستنی دیدگای سیاسی سەبارەت بە ئایندەی پرسی کورد. ئەم دیدارە کە لە شوباتی 2025 بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر گرنگیی هەڵوێستی هاوبەش لەنێوان لایەنە کوردییەکان بۆ دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا کرایەوە.

2- پشتیوانیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سووریا

سەرۆک بارزانی چەندین جار جەختی لەسەر پێویستی سیستەمی سیاسی نوێ لە سوریا کردووەتەوە کە ماف و خواستەکانی گەلی کورد لەبەرچاو بگیرێت. لە دیدارەکانیدا لەگەڵ کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان، وەک تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025، جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە سووریا قوربانییەکی زۆریان داوە و پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هاوکات داوای کرد کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنرێت کە کوردەکان دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن لە سووریا، ئاماژەی بە گرنگی چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووری نوێی سوریادا کرد.

3- نێوەندگیریی نێوان لایەنە کوردی و سوورییەکان

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک نێوەندگیرێکی کاریگەر لەم دواییانەدا سەریهەڵدا، بەتایبەتی دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. کارى بۆ لێک نزیککردنەوەى بۆچوونەکانى هەسەدە و ئەنەکەسە کردووە، هەروەها لە نێوان لایەنە کوردییەکان و ئیدارەى نوێى سووریا لە دیمەشق. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نێوەندگیرییەکەی بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر خاڵە سەرەکییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا پشتیوانیان لێ دەکرا.

4- پاڵپشتیی سیاسی و مرۆیی

لە کاتی قەیرانەکاندا سەرۆک بارزانی پاڵپشتی کرداریی پێشکەش بە کوردستانی سووریا کرد. بۆ نموونە لە ساڵی 2014 هێزی پێشمەرگەی نارد بۆ پاڵپشتی کورد لە کۆبانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە بەشدارییان لە ئازادکردنی شارەکە کرد، هەروەها هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری کورد و سووریدا کردووەتەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین جار هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلەکەمان کردووە لە کوردستانی سووریا، دوایینیان دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023 بوو کە زۆرێک لە ناوچەکانی عەفرینی گرتەوە.

5- ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە دەرەکییەکان

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کوردستانی سووریا ئاڵنگارییەکی گەورەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بیانوویەک بۆ دەستتێوەردانی تورکیا لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت. لە چاوپێکەوتنێکدا لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025، سەرۆک بارزانی داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کە کوردەکانی سووریا بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

6- کاریگەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان

بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وەک تورکیا، ئەمریکا و فەڕەنسا، سەرۆک بارزانی توانی پێگەی پرسی کورد لە سووریا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات. لە ڕاپۆرتێکدا کە گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025 بڵاویکردەوە، ڕۆڵی ئەوی لە یەکخستنی پێگەی کورد و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکانی بەشدارن لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا.

لەکۆتاییدا

سەرۆک مەسعود بارزانی، سیمبولی خەباتی کوردە کە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە هەوڵ دەدات کێشەکانی کوردستانی سووریا چارەسەر بکات. ڕۆڵی تەنها بە نێوەندگیری نێوان لایەنە کوردییەکان سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانیان لە ڕووی سیاسییەوە، بە گرنگیدان بە گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا، سەرەڕای ئالنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەوڵەکانی لە داڕشتنی ئایندەی کورد لە سووریا، بە تایبەت لەم قۆناغە مێژووییەدا دوای گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان لە وڵاتدا بە یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە.