سوپای هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنەکانیان لەدژی داعش زیاتر کردووە
وڵات تیڤی-هەولێر
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە دروروبەری دێرەزوور ئەنجامدا و ژمارەیەک لە ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکانی داعشیان دەستگیرکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 7ی کانوونی یەکەمی 2025، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە شارۆچکەی حەوەیج لە دەوروبەری ڕۆژئاوای دێرەزوور ئەنجامدا.
*شەش تیرۆرست دەستگیرکران
بەپێی زانیارییەکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا شەش ئەندامی شانە تیرۆریستییەکانی داعش دەستگیرکران.
ڕۆژی 26ی مانگی ڕابردوو هاوپەیمانان هێرشێکی ئاسمانییان لە شارۆچکەی مرات لە دەوروبەری باکووری دێرەزوور ئەنجامدا و دوو کەسیان دەستگیرکرد کە گومانیان لێدەکرێت داعش بن.
*ئۆپراسیۆنەکان زیادیان کردووە
دوابەدوای زیادبوونی چالاکی شانە تیرۆریستییەکانی داعش لە دەوروبەری دێرەزوور و هەندێک ناوچەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زیادی کردووە.