بارەگای بارزانی.. ناوەندی بڕیار و فاکتەری چارەسەری قەیرانەکان
نووسینی: قەهرەمان عوسمان
کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە سووریا، لە بارەگای بارزانی و بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، ڕووداوێکی ساکار و ئاسایی نییە و نابێت بە چاوێکی تێپەڕی سادە سەیر بکرێت، کۆبوونەوەکە پەیامێکی ڕوون و بەهێزی سیاسی هەبوو کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بارەگای بارزانی بووەتە ناوەندێکی نەتەوەیی سەرەکی و کاریگەر بۆ دەرکردنی بڕیارە گەورەکان و چارەسەری قەیرانە سیاسییە هەستیارەکان لە کوردستان و ناوچەکەدا.
لە کاتێکدا زۆر کەس و لایەن نەیانتوانی، یاخود نەیانویست بەرپرسانە کار بکەن بۆ چارەسەری گرژی و ئالۆزییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی بە دانایی و ئەزموونی درێژی سیاسیی خۆی، دووبارە ئەوەی بە گوێی دۆست و نەیار دادا، کلیلی چارەسەر و پاڵپشتی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کوردستانە لە هەر چوار بەشی کوردستان و جەنابیان سەلماندی، دەتوانێت لایەنە جیاوازەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ بکاتەوە.
هەڵبژاردنی بارەگای بارزانی و ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، نیشانەی ئەوەیە، هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ قەیرانەکانی کوردستان ناتوانرێت بەبێ ڕۆڵی بارزانی و ئەم ناوەندە سیاسییە کوردستانییە گرنگە بەڕێوە ببرێت.
ئەم ڕووداوە گرنگە دووبارە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە، سەرۆک بارزانی تاکە سەرۆکی باڵای سیاسیی کورد و کوردستانە؛ سەرۆکێک سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە و ڕا و بۆچوونی لە ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا گوێی لێ گیراوە و بەڕێزیان ڕۆلێکی گەورەی دەبێت لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە، سەرۆک بارزانی هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە چارەسەرییەکان دوور لە شەڕ و توند و تیژی لە ڕێگای دیالۆگ، هاوسەنگی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بێت.
لە کاتێکدا ناوچەکە پڕە لە ناکۆکی و ململانێ، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە بارەگای بارزانی دەرخەری ئەوەن، ئەم شوێنە تەنها بارەگایەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ناوەندی هێز، بڕیار و ئاراستەی سیاسییە، بۆیەش، سەرۆک مسعود بارزانی بە هۆی ئەزموونی، سەروەریی سیاسی و تێگەیشتنی وردی لە گۆڕانکارییەکان، هێشتا وەک هیوایەکی ڕاستەقینە بۆ نەتەوەی کورد لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت، کەسایەتیی سەرۆک بارزانی بە ئەزموونی درێژخایەن لە بەڕێوەبردنی ململانێ و هاوسەنگییە ناوچەییەکاندا، هێشتا وەک هۆکاری سەقامگیری و ناوەندی چارەسەری لێی دەڕواندرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، دەتوانرێت بڵێین، سەرۆک مسعود بارزانی هیوایەکی ڕاستەقینەیە بۆ نەتەوەی کورد لە هەموو جیهاندا، چونکە پرۆژەی سیاسیی بەڕێزیان لەسەر سۆز و هەست دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر ڕاستگۆیی سیاسی، گفتوگۆ، و پاراستنی بنەما نەتەوەییەکان دامەزراوە، بۆیەش بارەگای بارزانی دەبێت بە خاڵێکی سەرەکی بۆ هەر هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری قەیرانەکان و دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ کورد و کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.
قەهرەمان عوسمان
ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی