عەبدولڕەحیم سەماوی: پەکەکە کۆتایی هاتووە و کوردستانێکی گەورەتر لە ڕێگادایە
وڵات تیڤی ـ هەولێر
عەبدولڕەحیم سەماوی بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی تەمەل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، پەکەکە کۆتایی هاتووە و کوردستانێکی گەورەتر لە ڕێگادایە و کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش سەرۆک بارزانی وەک سەرکردە و ڕابەری خۆیان دەبینن.
عەبدولڕەحیم سەماوی بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی تەمەل، میوانی بەرنامەی ڕۆژئاوا وڵات بوو، تیایدا باسی لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و هەروەها باکوری کوردستان و تورکیا و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و ئایندەی کرد.
ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە، بەپێی پرسیار و وەڵامەکان:
*بەخێرهاتنتان دەکەین، دەتوانین هۆکاری سەردانەکەت بۆ هەولێر بزانین؟
**سوپاست دەکەم، هەولێر ماڵی منە، دوای 12 ساڵ جارێکی تر هاتوومەتەوە، هاتوومەتە وڵاتەکەم، هەولێر وەک کچێکی جوان سەیر دەکرێت، هەر بە جوانی دەمێنێتەوە.
*دەچینە سەر بابەتەکانمان، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دوای ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوویانداوە چۆن دەبینن؟
**دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. حکوومەتی دیمەشق و تورکیا لەسەر مافەکانی کورد ڕێککەوتوون، ئەگەر نادادپەروەری بەرامبەر کورد بکەن، ئەوا هیچ چانسێکیان نابێت، بەڵام زۆر کەس هەبوون باسی ئۆتۆنۆمییان دەکرد، هەمیشە دەمگوت ئەوە ڕوونادات چونکە سەرۆکی پەکەکە ڕەتیکردەوە و خەریکی بەرەیەکی تر بوو.
*ئەم مافانە چین؟
مۆدێلێکی نوێ سەرهەڵدەدات، وەک شارەوانی و قوتابخانەی کوردی، پەروەردە و فێربوون بە زمانی کوردی، و کورد جێگەی خۆی لە دەستووردا هەیە، ناوی کوردایەتی و خاکەکەیان دیاری دەکرێت، بۆ یەکەمجاریش ڕایدەگەیەنم کە کوردستان لە دەستووردا لە تورکیا دانپێدانراوە، و کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هاوکار دەبێت لە حکومەت و مافەکانی پارێزراو دەبێت.
*ئایا ئەمە لە بەرژەوەندی کورددایە؟
**بەڵێ
*بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەو شتەیە کە ئێوە دەیڵێن؟
**پێشتر وتم، و کەس باوەڕی پێنەکرد، ئێستاش دەیڵێم، سەرۆکی تورکیا ساڵی ڕابردوو وتی کە ڕێککەوتنێکی گەورە لە نێوان تورک و عەرەب و کورددا هەیە، بەڵام بەو مەرجەی مافی کوردەکانیش پارێزراو بن، تورکیا ناچار دەبێت دان بە کوردستانێکی سەربەخۆدا بنێت و جێبەجێی بکات لە باشووری کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا باشووری کوردستان دەبێتە دەوڵەت، و شتی دیکەش وردە وردە ڕوودەدات.
*بۆچی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستیتەوە؟
بەڵێ کورد لە هەردوو وڵات مافی خۆی پەیدا دەکات، تورکیا لە دۆخێکی باشدا نییە، ئەمڕۆ 100 ساڵە، مێشکێکی پیس لە تورکیا هەیە، ئاسان نییە ئەو مێشکە بە ئاسانی بڕوات، بەڵام لە سێ بۆ چوار ساڵدا ڕێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت و هەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە.
*هێشتا گەشبینی؟
دوو ساڵ پێش ئێستا وتم ڕێککەوتنەکە پێنج ساڵ دەخایەنێت، وە لەسەر بنەمای پێنج بەش دروستکراوە، 2+1 چەکداماڵین و خۆ لەناوبردنی پەکەکە، دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە، بەشی سێیەم دەست پێدەکات.
*تا ئێستا چەکداماڵینی پەکەکە تەواو نەبووە؟
**ئەمساڵ کۆتایی دێت، لە ئێستاوە درەنگ بووە و هیچ ئاستەنگێک نەماوە.
*چەند ئەندامی پەکەکە ماوە؟
*نامەوێت زۆر باسی ژمارە بکەم، چونکە سەرئێشەم پێدەبەخشن، بەڵام ئەوەندەی من بزانم 12 هەزار پەکەکە ماون، بەپێی یاسای تورکیا، دەگەڕێنەوە تورکیا.
*ئایا دەستوەردان لە کاروباری ڕۆژئاوا دەکەن؟
**نا، ئیتر وا ناکەن و بڕیاری ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوەیە.
*تا ئێستا ئەندامانی پەکەکە ڕۆژئاوای کوردستانیان بەجێنەهێشتووە؟
**نەخێر هێشتا نەڕۆشتوون، بەڵام دەڕۆن، ژمارەکەشیان کەمە.
*ڕێککەوتنی 29ی 1 چۆن دەڕوات و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ چی بوون؟
**نامەوێت باسی هۆکاری شەڕەکە بکەم و ڕەخنە بگرم، بەڵام وتم پێویستە هەسەدە لەگەڵ دیمەشق دابنیشن، دانوستانەکانیان پێش شەڕ خراپ بوو، دوای دانوستانەکان دەستیان کرد بە ڕێککەوتن و شەڕەکە کۆتایی هات.
*ئایا ڕۆڵی پەکەکە لە ڕێککەوتنەکەدا نەرێنی بوو؟
**پەکەکە ویستی درێژە بە شەڕەکە بدات بەڵام بۆچوونی ئیمرالی ئەرێنی بوو، ئەمڕۆ پەکەکە نەماوە، تەواو بووە، پەکەکە ئێستا دانیشتووە و بە فەرمانی سەرۆکی پەکەکە هەڵدەستێت و چارەسەر بۆ هەموو بابەتێک دۆزراوەتەوە.