وەزارەتی باری نائاسایی: 981 ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مینیان ئەنجامداوە
وڵات تیڤی ـ هەولێر
وەزارەتی باری نائاسایی و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سووریا ئاماری پاککردنەوەی مین و پاشماوەکانی شەڕی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارە، تیمەکانی پاککردنەوە و لابردنی مین لەلایەن وەزارەتەکەوە 981 ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مینیان ئەنجامداوە، هەروەها 369 ئۆپەراسیۆنی گەڕانی ناتەکنیکییان ئەنجامداوە.
وەزارەتی باری نائاسایی و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ڕایگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەکان بەپێی ڕێکارە گونجاوەکان پاشماوەکانیان پوچەڵ کردووەتەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
*قوربانی تەقینەوەی پاشماوەی شەڕ
بەپێی دوایین ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 534 کەس بوونەتە قوربانی پاشماوەی شەڕ لە سەرتاسەری سووریا، لەو ژمارەیەش 219 کەس گیانیان لەدەستداوە و 315 کەسیش برینداربوون.