ڕەواج حاجی: لە هاوکاریکردنی عەفرین بەردەوامین و لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە جێبەجێ دەکەین
وڵات تیڤی - هەولێر
ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی مەلەفی عەفرین ئاشکرای دەکات، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە لە عەفرین و دەوروبەری پێویستیانە.
لە یەکەمین ساڵیادی کارەساتی بوومەلەرزەکەوە کە ناوچەی عەفرین و جندرێسی گرتەوە، کەناڵی وڵات تیڤی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی مەلەفی عەفرین ئەنجام دا. ئێمە لەگەڵیدا باسمان لە هەوڵەکانی دامەزراوەکە کرد بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و بارودۆخی دانیشتووان لە ماوەی کارەساتی بوومەلەرزەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی عەفرین و دەوروبەری و بەتایبەت شاری جندرێس، ڕەواج حاجی ڕایگەیاند، کورد لە خراپترین دۆخدایە و نابێت لەم هەلومەرج و بارودۆخە سەختەدا بمێننەوە.
ڕەواج حاجی ستایشی پێشوازی گەرمی هاووڵاتیانی کورد لە تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەوان گەلێکی خوێندەوار و نیشتمانپەروەرن، پەیوەندییەکی بەهێزیان بە ڕێبازە نەمرەکەی بارزانییەوە هەیە و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەم ڕێبازە هەیە.
ڕەواج حاجی جەختی کردەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێکخراوێکی مرۆییە، ئامادەیە بچێتە شوێنێک کە پێویستی بە هاوکاری هەیە و دەستی هاوکاری پێشکەش بکات، جەختیشی کردەوە کە هەوڵیان داوە لە شارەکانی (دێرک/ الملکییە - قامیشلی/ قامیشلۆ) ئامادەبن، بەڵام پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕێگەمان پێنادات.
لە خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکە دەخەینەڕوو، کە چەندین وردەکاری و ئامار و زانیاری لەبارەی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چۆنیەتی گەیاندنی هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شوباتی 2023 زیانیان بەرکەوتووە لەخۆدەگرێت:
**دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەم دەزگای فریاگوزاری بوو کە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا گەیشتە عەفرین پێمان خۆشە لە ئێوە بزانین دوای بوومەلەرزەکە لە عەفرین و جندرێس بارودۆخی خەڵک چۆن بوو؟
*بەداخێکی قوڵەوە ئەمڕۆ یادی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی بوومەلەرزەکە دەکەینەوە کە باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، بەتایبەتی لە عەفرین و جندرێس، لەڕاستیدا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەوڵماندا بگەینە عەفرین، بەڵام بەهۆی هەلومەرج و ڕێکارە ئیدارییەکانەوە، لە 10ـی شوبات گەیشتینە ناوچەکە، پێشوازیی گەرمی خێزانەکان بەردەوام لە یادەوەرییەکانماندا دەمێننەوە.
گومانی تێدا نییە کە ئێمە هاوکاریی خۆراک و چاودێری تەندروستی و خێمە و چەندین هاوکاریی دیکەمان پێشکەش بەو کەسانە کرد کە زیانیان بەرکەوتووە و توانیمان بارگرانی لەسەر خەڵک کەم بکەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دۆخی مرۆیی زۆر خراپ بوو.
**لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چ هاوکارییەکتان پێشکەش بەو کەسانە کردووە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە؟
*کاتێک گەیشتینە عەفرین، پێنج ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیبوو و هیچ ئومێدێک نەبوو بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردوودا، بۆیە دەستمان کرد بە دابینکردنی خۆراک و دەرمان بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بە قەبارەیەکی فراوان.
لە ساڵی ڕابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی 101 بارهەڵگری هاوکاری هێنایە شاری عەفرین و حەوت قەزاکەی تەنیا لە شاری جندرێس تیمەکەمان کە لە 20 کارمەند و 5 ئەمبوولانس پێکهاتبوون، پشکنینیان بۆ 9 هەزار و 331 بریندار کرد.
زیاتر لە 14 هەزار و 700 خێزان سودمەند بوون لەو هاوکارییانە، ئێمەش هەوڵەکانمان لەسەر شاری جندرێس و 98 گوند چڕکردەوە بەو پێیەی زیانی گەورەیان بەرکەوتبوو جگە لەوەش نانەواخانەیەکمان کردەوە و بەبێ بەرامبەر نانمان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکرد کە زیانیان بەرکەوتبوو.
**کاتێک تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتنە شاری جندرێس کەس لە ژێر داروپەردوودا بوو؟
*بەداخەوە کاتێک گەیشتینە ئەوێ کەس بە زیندوویی لە ژێر داروپەردوودا نەهاتە دەرەوە، گومانی تێدا نییە کە کارەساتێکی گەورە بووە، هەرچەندە ئامارێکی فەرمی نییە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ هەزار کەس شەهید بوون، کورد لەوێ لە دۆخێکی زۆر سەخت و خراپدا دەژی و بارگرانی زۆری لەسەرە، بەهۆی ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کەوتەوە، بینیمان چۆن لە شەوی نەورۆزدا چوار کەس لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهید بوون و ڕۆژانە حاڵەتی لەو جۆرە تۆمار دەکرێت .
**لە ماوەی ڕابردوودا گەڕایتەوە عەفرین، ئایا کاریگەری و زیانەکانی بوومەلەرزەکە هێشتا ماون؟
*تاوەکو ئێستا شوێنەواری وێرانکاری و پاشماوەی ماڵ و باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان ماون، هەروەها زۆرێک لە باڵەخانەکان مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە، 700 ماڵ نۆژەنکراونەتەوە و ئاوەدانکراونەتەوە، هەروەها نزیکەی 1300 ماڵی دیکەش هەن کە پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.
**ئایا دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیچ پرۆژەیەکی بۆ منداڵانی بێ باوک لە عەفرین هەیە؟
*ئێمە، لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی تایبەتمان هەیە بۆ منداڵانی بێ باوک، کە بەنیازین لە عەفرینیش جێبەجێی بکەین، هەروەک چۆن لە هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکە جێبەجێمان کردووە، هاوکاری دارایی منداڵانی بێ باوک لە عەفرین دەکەین و بەو شێوەیەش تاوەکو ئێستا 40 ناوی منداڵی بێ باوکمان تۆمار کردووە.
**دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری لە عەفرین و حەوت قەزاکەی کردووەتەوە و ئامانجی لەم چالاکییانە چییە؟
*شەڕ کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک هەبووە، بۆ لابردنی ئەو کاریگەریانە و باشترکردنی باری دەروونی، هەوڵدەدەین بابەتی کولتووری، هونەری، وەرزشی و پرسەکانی دیکە لەناو گەنجاندا بڵاوبکەینەوە، هەروەها پاڵپشتی کۆمەڵگەی مەدەنیش بکەین و بەم شێوەیەش کۆمەڵگەیەکی گونجاو دروست بکەین، دەمانەوێت زەمینەیەک بڕەخسێنین بۆ ئەوەی خەڵک بە خاکەکەیانەوە بچەسپێت و شار و گوندەکانیان بەجێ نەهێڵن.
**پڕۆژەیەکی دیکەتان هەیە کە پەیوەندی بە چاودێریی تەندروستییەوە هەیە لە عەفرین، بەناوی نەخۆشخانەی گەڕۆک، دەتوانن باسی پڕۆژەکە و ئامانجەکانی بکەن؟
*کۆمەڵگەی کوردی لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، ئەمبوولانسێکی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابینکرد، ئێمەش لە بەرامبەردا بڕیارماندا لەڕێگەی پڕۆژەی نەخۆشخانەی گەڕۆکەوە هاوکاریی پزیشکی و چاودێریی تەندروستی لە گوندەکانی دوور لە سەنتەری شارەکان بکەین، هاوکاریی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە عەفرین و 366 گوند دەکەین.
**وەک دەزانن هەموو گوند و ناوچەیەکی عەفرین لەژێر دەستی گرووپێکی چەکداری دیاریکراودایە ئایا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە؟
*عەفرین لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیادایە، گومانی تێدا نییە کە بوونی ئێمە لە عەفرین بە فەرمی و مۆڵەتی پێدراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی هیچ گرفتێک نەبووینەتەوە، سەرەڕای بوونی چەندین گرووپی چەکداری، بێگومان گرووپی چەکداری باش هەیە و گرووپی چەکداری خراپیش هەیە.
**پلانی داهاتووتان چییە، لە داهاتوودا چی بۆ عەفرین دەکەن؟
*بەپێی پلانەکانمان بەردەوامین لە کارەکانمان، لە 10ـی شوباتدا پڕۆژەی هاوکاریکردنی منداڵانی بێ باوک و پاڵپشتیی کۆمەڵگەی مەدەنی جێبەجێ دەکەین، جگە لە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی و چارەسەرێک بۆ ئاستەنگ و کێشەکان لەمبارەیەوە دەدۆزینەوە.
**چۆن سروشت و جوانی عەفرین و پێشوازی گەرمی خەڵک دەبینن؟
*ڕاستی عەفرین وەک بەهەشت وایە لەسەر زەوی سەردانی زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد (قامیشلۆ، سەرێکانییە، عامودا و گێری سپی) و ناوچە و شوێنەکانی دیکەش، بەڵام عەفرین بەڕاستی جیاوازە، بەو پێیەی خەڵکی تێگەیشتوو بووە.
کاتێک سەردانی گوندەکانی عەفرین دەکەین، هەندێک جار فرمێسک دەڕێژین کاتێک پابەندبوونی گەورەی خەڵک بە ڕێبازە نەمرەکەی بارزانی و ڕۆحی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی گەلەکەیان بۆ ڕێبازە نەمرەکەی بارزانی دەبینین. دڵیان پڕە لە فیداکاری و خۆڕاگری، هیوادارین بەمزووانە ئارامی و سەلامەتی لە ناوچەکەدا بەدی بێت.
**دوا پرسیارمان: ئایا هاوشێوەی عەفرین کار بۆ شارەکانی قامیشلۆ، کۆبانی و دێرکیش دەکەن؟
*لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە هەوڵمانداوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەبین، بەڵام "خۆبەڕێوەبردن"ـی پارتی یەکێتیی دیموکرات ڕێگەمان پێنادات، سەرم سوڕماوە لەم ئیدارەیە، کە دەڵێت تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە کەچی ڕێگەمان پێدەدات کار بکەین، لەکاتێکدا خۆیان ڕێگەمان پێنادەن.
ئێمە دامەزراوەیەکی مرۆیین، ئەگەر دەرفەتمان پێبدرێت بەبێ هیچ جیاوازی و جیاکارییەک کاری مرۆیی ئەنجام دەدەین، بەدڵنیاییەوە ئامادەین هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.