محەممەد ئیسماعیل: سەرۆک بارزانی بە رێگەخۆشکەری خەبات و کارەکانمان بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان دەزانین

محەممەد ئیسماعیل: سەرۆک بارزانی بە رێگەخۆشکەری خەبات و کارەکانمان بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان دەزانین
محەممەد ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا

وڵات تیڤی - هەولێر

محەممەد ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا دووپاتی کردەوە کە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی “دەرفەتێکی مێژووییە لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە گەلەکەمان پێی دەڕوات” جەخت دەکاتەوە کە سەرۆک بارزانی “بە رێگەخۆشکەری سەرەکی بۆ خەبات و کارەکانمان بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان دەزانین”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەمیشە پێویستیی زۆرمان بە رێنمایی و تێبینی و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا هەیە.”

محەممەد ئیسماعیل لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ وڵات تیڤی باسی لەو دۆسیە و گفتوگۆیانە دەکات کە لە کاتی پێشوازیکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئەنجامدراون.

محەممەد ئیسماعیل پێداچوونەوە بەو ئاڵنگارییانە دەکات کە بەردەم گەلی کورد لە سوریا و رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە دەکات. جگە لەوەش تیشکی خستە سەر گەشتە دەرەکییەکانی لە تورکیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و کارلێکی بەرپرسانی ئەوروپی لەگەڵ پرسەکانی سووریا.

هەروەها باسی لە بارودۆخی شارەکانی عەفرین، سەرێ کانی، و گیرێ سپی کرد، ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ بەدیهێنانی گەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارانە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها هەوڵەکانی کردنەوەی نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لەو شارانەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و ئۆپۆزسیۆندایە.

محەممەد ئیسماعیل باس لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی رێکخراوە حیزبییەکان و تەحەددیات و ئامانجەکانی داهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان - سوریا دەکات.

محەممەد ئیسماعیل هەروەها ئاماژەی بە مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەو ململانێیەی ئێستا لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە، کرد و جەختی کردەوە کە هیوادارن رووداوەکانی ئێستای غەزە سەرەتای کەمکردنەوەی ڕۆڵی هێزە توندڕەوەکان بێت لە هەردوولا.

لە خوارەوە دەقی هەڤپەیڤینەکە دەخەینە ڕوو، کە دەرگای تێگەیشتنێکی قووڵتر لە رووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوچەکە دەکاتەوە، هەروەها رۆشنایی دەخاتە سەر رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاریگەرییەکانه لە داڕشتنەوەی ئاییندەی گەلی کورد و تەواوی ناوچەکە:-

پرسیاری یەکەم: سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کرد، لەم کۆبوونەوەیەدا باسی چی کرا؟ ناوەڕۆکی گفتوگۆکان چی بوو؟

محەممەد ئیسماعیل: دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەرفەتێکی مێژوویی و گرنگە، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە گەلەکەمان بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها هەلومەرجی ناوچەکە بارودۆخی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی شەڕی بەردەوام لەسەر ناوچەکە بە گشتی.

ئێوە زۆر باش دەزانن کە سەرۆک بارزانی هەمیشە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دەخاتە سەرووی پێشینەکانی خۆیەوە، هەروەها پاراستنی پرسی کورد لەژێر رۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی کورد دەبنەوە خەڵک.

پرسیاری دووەم: بارەگای بارزانی لە راگەیێنراوێکدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، باسی لە ئاڵنگاری و ئاستەنگەکانی بەردەم داهاتووی گەلی کورد لە سووریا کرد، ئەم ئاڵنگارییانە چین؟

محەممەد ئیسماعیل: لە کۆبوونەوەکەدا تیشکمان خستە سەر ئاستەنگەکان و جەختمان لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە هەڵەی سیاسی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆزی خۆمان و دۆزی گەلەکەمان کردەوە، لەم روانگەیەوە پێویستە بزووتنەوەی کورد خۆی لە شەڕی بەردەوامی ناوچەکە دوور بخاتەوە ، بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و چالاکییە سیاسییەکان. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد پێویستە رۆڵی لە پڕۆسەی سیاسی لە سووریا هەبێت، هەروەها دەبێت بەپێی بەرژەوەندی و دۆزی گەلی کورد کارلێک لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان بکات.

پرسیاری سێیەم: کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لەگەڵ سەرۆک بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ گرنگی کۆبوونەوەکە چییە؟

محەممەد ئیسماعیل: گرنگی دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پاشخانێک دێت کە ئێمە بە رێگەخۆشکەری سەرەکی بۆ خەبات و تێکۆشانمان دەزانین و کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەکەین، هەمیشە پێویستیی زۆرمان بە ڕێنمایی و تێبینی و هەڵوێستەکانی هەیە لەم چوارچێوەیە. پێشتر تیشکمان خستۆتە سەر چالاکییەکانمان، کاری سیاسی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی و یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی بە تایبەتی دەکاتەوە.

پرسیاری چوارەم: لەدوای وەرگرتنی پۆستی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا بەم دواییە یەکەم گەشتتان بۆ دەرەوە ئەنجامدا، با سەرەتا باسی زنجیرە کۆبوونەوەکانتان لە تورکیا بکەین؟

محەممەد ئیسماعیل: چەندین کۆبوونەوەی رێکخراوەیی پارتەکەمان لە تورکیا ئەنجامدا، جگە لە کۆبوونەوەی دیکەمان لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی، ئایینی و خێڵەکییەکان ئەنجامدا.

لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ نیکۆلاس گراینگەر، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و تیمی یاوەری کۆبووینەوە، کە تیایدا تیشک خرایە سەر رووداوەکانی ئێستای دێرەزوور، حەسەکە، و سووەیدا، گرنگی یەکگرتنی گوتاری سیاسی و رۆڵی ئەمریکا لەو پرسانەی کە لە گۆڕەپانی سووریا روودەدەن و چالاککردنی پرۆسەی سیاسی، جگە لە گرنگیدان بە ئازارەکانی گەلەکەمان، لەژێر رۆشنایی بارودۆخی ئابووریی سەختدا تاوتوێ کران.

پرسیاری پێنجەم: دووەم وێستگەی گەشتە دەرەکییەکەتان ئەڵمانیا بوو، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوەتان ئەنجامدا، تەوەر و گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەتان چی بوو؟

محمد ئیسماعیل: دیدارێکی گرنگم لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی سووریا و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنجامدا، جەختیشمان لەسەر گرنگی رۆڵی پارتەکەمان لەم قۆناغەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتکردەوە، هەروەها تیشکمان خستە سەر جددیەتی پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەندێک خێڵی دێرەزوور، جەختمان کردەوە کە ئەو دوو لایەنە نوێنەرایەتیی کورد و عەرەبەکانی ناوچەکەش ناکەن.

لە دیدارەکەماندا تیشکمان خستە سەر برەودان بە پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا، هەروەها پێویستی دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و هەڕەشە لەنێوان هەموو لایەنەکان، سەبارەت بە دۆخی سووەیدا، جەختی لە پاڵپشتی بۆ سەقامگیری و لامەرکەزی لە سووریا کردەوە.

لای خۆیەوە ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە باسی لە رۆڵی وڵاتەکەی کرد لە قەیرانی سووریا و پاڵپشتیکردنی ئەو رێکخراوە مرۆییانەی کە لە رەققە و دێرەزوور کاردەکەن، جگە لە پاڵپشتیکردنی پەنابەران و ئاوارەکانی سووریا.

هەروەها سیمیناری جەماوەریمان لەنێو کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا کرد و چەندین کۆبوونەوەی رێکخراوەیی حیزبەکەمان و دیدار لەگەڵ نوێنەری حیزبە کوردییەکان ئەنجامدا.

هەروەها لە شاری لۆزان لە سویسرا بەشداریمان لە رێوڕەسمی سی و پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی، د. نورەددین زازا یەکەمین سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا، کرد.

سەبارەت بە پاریس، دیدارێکی گرنگمان لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە دۆخی سوریا ئەنجامدا، هەروەها جەختمان لەسەر گرنگی رۆڵی پاریس لە کاراکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریا، پاڵپشتیکردنی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا، و پاڵپشتییەکەی بۆ دۆزی گەلی کورد کردەوە.

پرسیاری شەشەم: لە رێگەی زنجیرە دیدارەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی، سەرنجی هیچ گۆڕانکارییەکتان لە هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە سووریا کرد؟

محەممەد ئیسماعیل: هەڵوێستەکانیان ئاماژەی بە پێویستی چالاککردنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی سووریا دەکرد.

پرسیاری حەوتەم: کەشوهەوای کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ سەرکردایەتیی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانیێتیی سووریا نوێنەرایەتیی دەکات لە ئیستەنبووڵ چۆن بوو؟

محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە هادی بەحرە، سەرۆکی هاوپەیمانی و جێگرەکەی عەبدولمەجید بەرەکات و بەدر جەموس سەرۆکی لیژنەی دانووستان، تیشکمان خستە سەر ئەو ناکۆکییانەی کە هەندێکجار لەنێوان هاوپەیمانی و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد روودەدەن، جەختمان کردەوە کە ئێمە بەشێکی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی سووریاین، روونمانکردەوە کە ئێمە کراوەین بەرامبەر چوارچێوەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەهۆی تایبەتمەندیێتیی خۆمان و بوونی ئەنجوومەنە ناوخۆییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە ناوخۆی وڵاتدا، سەرکردایەتیی ئۆپۆزسیۆنمان دڵنیاکردەوە کە لە وڵاتەکەداین، دەتوانین ببینە پردێک بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەروەها بڕگەکانی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لەنێوان هاوپەیمانی و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد واژۆ کراوە، دەبێت بگۆڕدرێت بۆ بەرنامەیەکی راستەقینە بۆ هاوپەیمانیێتی لە داهاتوودا.

ئێمە لە وڵاتەکەداین، دەتوانین ببینە پردێک بین هەماهەنگی نێوان لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

پرسیاری هەشتەم: ئایا بارودۆخی شارەکانی (عەفرین، سەرێ کانی و گیرێ سپی) بەشێک بووە لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرکردایەتیی ئۆپۆزسیۆن؟

محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ، ئەو دۆسییانەی پەیوەستن بە (عەفرین، سەرێ کانی و گیرێ سپی) هەمیشە لە بەرنامەی کاری هەموو کۆبوونەوەکانماندابوونە، بێگومان جەخت لەسەر گرنگی گەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارانە دەکەینەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، من نایشارمەوە، ئێمە پلان و هەوڵمان هەیە بۆ کردنەوەی نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و بارەگاکانی پارتیمان لەو شارانە بۆ پێشوازیکردن لە گەڕاونەوە و ئامێزگرتنی هەموو لایەک بەبێ جیاوازی، بەمەش گۆڕانی دیمۆگرافی رادەگیرێت.

پرسیاری نۆیەم: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆنگرەی حزبەکەتان کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو لە هەولێر بەسترا، بۆچی تاوەکو ئێستا کۆنگرەی ڕێکخراوە حزبییەکان ئەنجام نەدراوە، ئایا هۆکاری تایبەت هەیە؟

محەممەد ئیسماعیل: دوای ئەوەی حزب کۆنگرەی گشتیی خۆی سازکرد، ئێمە سەرنجمان خستە سەر بەردەوامکردنی کاری رێکخراوەیی هەموو رێکخراوە حزبییەکان و هەڵبژاردنی کەسانی شایستە بۆ بەڕێوەبردنی رێکخراوەکانی (ناوچەکە، لق و ناوخۆیی)، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکین لەسەر رێکخراوە حزبییەکان و دوای تەواوبوونی، کۆنگرە سازدەکەین، بەمەش هەماهەنگی و رۆحی کاری بەکۆمەڵ بۆ حیزب و رێکخراوەکانی دەگەڕێنینەوە.


پرسیاری دەیەم: لە 25ـی ئەم مانگەدا، دوانزەهەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، دوای ساڵانێکی درێژ لە کارکردن، ئێوە هەڵسەنگاندتان بۆ کاری ئەنجوومەنەکە چییە؟

محەممەد ئیسماعیل: ئەمە پرسیارێکی گرنگە، ئێمە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەموو کورد دەزانین، بەو پێیەی کە پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوان و سەربەخۆکانیش دەگرێتەوە، بەمەش میکانیزمێکی ورد بۆ هەڵوێستی کورد بەرامبەر بە داهاتووی سووریا و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی سووریا دروست دەبێت.

بێگومان لەو قۆناغانەی کە سووریا لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو پێیدا تێپەڕی، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد توانی بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکات، هەروەها توانی دەرچەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو چوارچێوە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریادا بکاتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا و ئەو وڵاتانەی کە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە هەیە.

پرسیاری یازدەیەم: هەندێک کەس "بەرەی ئاشتی و ئازادی" کە تۆ بەشێکیت لێی، وەک جەستەیەکی سیاسیی مردوو وەسف دەکەن و هیچ کاریگەری و چالاکییەکی لە ناوچەکەدا نییە، رای تۆ چییە؟

محمد ئیسماعیل: بەڵێ ئێمە سەرنجی ئەم پاشەکشەیەمان داوە کە باسی دەکەن لە کاری بەرەدا، ئێمەش ئەم پاشەکشەیەمان لە حزبەکەماندا بینیوە، جەخت لەسەر گرنگی ئەم بەرەیە کە چوار پێکهاتەی سیاسیی سووریا لەخۆ دەگرێ کە پێکهاتوون لە ئەنجوومەنی کوردی، تەوژمی غەد، رێکخراوی ئاسووری و ئەنجوومەنی عەرەبی، و پێویستی چالاککردنی نووسینگەکانی دەکەینەوە، بەمزووانە دەبێتە سەکۆیەکی گەورە لە ئۆپۆزسیۆندا.

پرسیاری دوازدەیەم: گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، بۆچی هێشتا سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵنەبژێردراوە، ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم کارە چین؟

محەممەد ئیسماعیل: لەم دواییانەدا گەیشتینە هەندێک لێکتێگەیشتنی پەیوەست بە دابەشکردنی ئەرکەکانی فەرمانگەکانی ئەنجوومەن و بەمنزیکانە سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و دەنگ لەسەر تەواوکردنی نووسینگەکان و کارەکانی دیکەی پەیوەست بە چالاککردنی کارەکانی ئەنجوومەنەکە دەدات‌.

پرسیاری سێزدەیەم: پلانی داهاتووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا چین؟

محمد ئیسماعیل: پلانی داهاتوومان لە چوارچێوەی گرنگی نوێنەرایەتیکردنی گەلەکەمان دەسوڕێتەوە لە هەموو کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها تیشک دەخەینە سەر دوو دۆسیەی گرنگ:

یەکەم: کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی و پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکان.

دووەم: کاری رێکخراوەیی حزب و چالاککردنی کاری حزب لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمەش ئەوەیە کە منیش لە دوایین گەشتەکە دەرەکییەکانم سەرنجم لەسەر بوو.


پرسیاری چواردەیەم: یەکێک لە کادیرەکانی پارتەکەت بەناوی “جونەید سەید مەجید” لە 16ـی ئابی ساڵی رابردووەوە لەلایەن چەکدارانی پارتی یەکێتیی دیموکراتەوە لە شاری گرکی لێگی دەستبەسەر کراوە، ئایا هیچ هەوڵێکتان داوە بۆ ئازادکردنی، چارەنووسی چییە؟

محەممەد ئیسماعیل: بەداخەوە پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا و خەڵکی سڤیل دەستگیر دەکات، لەکاتەکدا ئەو کەسانە هیچ کێشەیەکیان نییە، سەبارەت بە “جونەید سەید مەجید”، لایەنی ئەمریکی و فەرەنسیمان ئاگادار کردەوە کە دەستوەردان بکەن بۆ ئازادکردنی، پشتڕاستی دەکەینەوە کە لە کاتێکدا پەیەدە کەسایەتی و چالاکوان و کەسایەتییە میدیاییەکان دەستگیر دەکات، دەرفەت بە ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، تێکدەرەکان و گەندەڵکاران دەدات.

پرسیاری پانزەیەم و کۆتایی: چۆن لە شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەزە دەڕوانن، ئایا کاریگەرییەکانی دەگەنە سووریا؟

محەممەد ئیسماعیل: گومانی تێدا نییە ئەوەی روودەدات لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی زۆر مەترسیدارە، مەترسیش هەیە مەودای شەڕەکە فراوانتر ببێت و بگاتە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

بەڕای من ئەو رووداوانەی روودەدەن سەرەتای کەمکردنەوەی رۆڵی هێزە توندڕەوەکانە لە هەردوولا، هیوادارین رۆڵی ئەو هێزە توندڕەوانە کەم ببێتەوە.