نیعمەت داود: پەیەدە گوتاری خیانەتکارانەی دژ بە ئەنجومەنی کوردی دەست پێ کردووە و لایەنگرانی بەبێ پاساو دەستگیر دەکات

نیعمەت داود: پەیەدە گوتاری خیانەتکارانەی دژ بە ئەنجومەنی کوردی دەست پێ کردووە و لایەنگرانی بەبێ پاساو دەستگیر دەکات
نیعمەت داود، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا

وڵات تیڤی - هەولێر

نیعمەت داود، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا سەبارەت بەو رەخنانەی ئاراستەی ئەنجوومەن دەکرێن رایگەیاند کە رەخنەکان بەرز دەنرخێنرێن و دەرخەری دڵسۆزی ئەو کەسانەیە کە هیوایان بە ئەنجوومەنەکە هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی گفتوگۆ لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و پەیەدە، نیعمەت داود گوتی، "ئەوەی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و پەیەدە روویداوە گفتوگۆ نەبووە، تەنیا دانوستان لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بە نێوەندگیری ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ پەیەدە ئەنجام دراوە".

هەروەها سەبارەت بەوەی کێ بە هۆکاری وەستانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە کوردییەکان دادەنرێت گوتی، " گومان لەوەدا نییە، یەکگرتوویی کورد، داخوازی هەموو تاکێکی کوردە و رێگەخۆشکەرە بۆ چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەییەکان، بەڵام ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، سەبارەت بە وەستانی گفتوگۆکان پەیەدە بە بەرپرسیار دەزانین، بەتایبەت دوای ئەو لێدوانانەی کە دژ بە ئەنجوومەن و پێشمەرگەی رۆژیان بڵاو کردەوە، هەروەها هێرشی سەر بارەگاکانی ئەنجوومەنیان دەست پێ کرد و بەبێ پاساو چەندین لایەنگر و ئەندامی لێ دەستگیر کرد.

لە بەشێکی دیکەی وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە پشت بەستن بە بەرەی ئاشتی و ئازادی سووریا وەکو جێگرەوەیەک بۆ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە و رۆڵی سیاسییان لە داهاتووی سووریا گوتی، "بەرەی ئاشتی و ئازادی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی گرنگە و چوارچێوەی کارەکانیشیان بەڕووی هەموو ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەد کراوەیە کە باوەڕیان بە چارەسەری سیاسیی دیموکراسییانە هەیە و بەشێوەیەکی گشتیش نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی گەورەی (کورد، عەرەب و سریانی) دەکەن.

لە خوارەوە، دەقی هەیڤپەیڤینەکە خراوەتە روو.

پرسیاری یەکەم/ دەستپێکی پرسیارەکەمان تایبەت بە ئەنجوومەن و میکانیزمی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی گشتیی سکرتارییەتی ئەنجوومەن دەبێت. ئەگەر لەسەر ئەو لایەنە وردبینەوە، چۆن بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێررایت؟

نیعمەت داود: بەپێی یاسا هەموارکراوەکان کە لە کۆنگرەی چوارەمی ئەنجوومەن پەسند کران، دەسەڵات بە هەڵبژاردنی سێ ئەندامی نوێ بۆ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی دەدات کە نوێنەرایەتی هەر یەک لە پێکهاتەکانی یەزیدی، سەربەخۆکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. لە دانیشتنی 13ی مانگی یازدە، بەربژێرەکان پەسند کران و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ هەشت ئەندام بەرزبووەوە. لە یەکەم دانیشتنیش کە لە 15ی مانگی یازدە بەڕێوەچوو، ئەرکەکان دابەش کران، متمانەی برایانم بەدەستهێنا و بووم بە سەرۆکی خولی ئێستای ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد.

پرسیاری دووەم/ تەنانەت هەندێک لەلایەنەکانی نێو ئەنجوومەنیش لە بڕیارەکەی ئەم دواییەت ناڕازین، چۆن وەڵامی ئەو ناڕەزایەتییانە دەدەیتەوە؟

نیعمەت داود: کێشە لە رازیبوون و ناڕازیبوونی ئەوان نییە، بەڵکو جیاوازییەکە لە چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستمی ناوخۆیە. ئاساییە کە لەسەر بڕیارەکە هاوڕا نەبین، بەڵام ئەوە بە رای زۆرینە پەسند کراوە و دەبێت رێز لەو زۆرینەیە بگیرێت.

پرسیاری سێیەم/ لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەی سکرتارییەتی گشتیی ئەنجوومەن لە 13ی مانگی یازدە بەڕێوەچوو، راگەیاندنی بەیاننامەکە دواخرا و ئەمەش چەندین پرسیاری لێ کەوتەوە. وەڵامی تۆ بۆ ئەمە چییە؟

نیعمەت داود: لە کۆبوونەوەی سکرتارییەتی گشتیی 13ی مانگی یازدە بڕیاردرا کۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە 15ی هەمان مانگ بەڕێوە بچێت و هەر لەو رۆژەش بەیاننامەکە لەژێر ناوی ئەنجوومەن کە باڵاترین جومگەی بەڕێوەبردنە، بڵاو بکرێتەوە، بەڵام دواخستنی کۆبوونەوەکە بووە هۆی دواکەوتنی راگەیاندنی بەیاننامەکە.

پرسیاری چوارەم/ لەلایەن خەڵک و تەنانەت لەنێو لایەنگرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیش، سەبارەت بە کەمتەرخەمیتان بەرامبەر بە هیوا و ئازارەکانیان رەخنەیەکی زۆرتان ئاراستە دەکرێت. سەبارەت بە مە چۆن بیر دەکەیتەوە؟

نیعمەت داود: رەخنە لە ئەنجوومەن و کارەکانی دەگیرێت، بە تایبەت لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنەکە. رەخنەکانیش بەرز دەنرخێنرێن و ئەمە دەرخەری دڵسۆزییانە کە هیوایان بەئەنجوومەن هەیە. ئەوان هەر ئەو کەسانە بوون دروشمی (ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد نوێنەرایەتیی ئێمە دەکات)یان بەرز کردەوە. بەدەر لە هێنانەوەی هەر پاساوێک، راستە کەموکوڕی هەبووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چالاکوانانی ناوچەکە لاواز بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەنجوومەن کەمتەرخەمی لە بەرگریکردن لەو ئێش و ئازارانە ناکات کە رووبەڕوویان دەکرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد چوارچێوەیەکی سیاسییە کە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی کردووە و هاوپەیمانیی پێکهێناوە، لەلایەکی دیکە گەمارۆی سیاسی و فەرامۆشکردنی کێشەی سووریا کاریگەریی نەرێنی نەک تەنیا لەسەر کاروبارەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی دروست کردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە دروست کردووە، بۆیە ئەمە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارییەتی نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە بارودۆخی سیاسی سووریا.

پرسیاری پێنجەم/ بۆ ماوەی شەش مانگ، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی هەڵبژێرراویت، پێت وایە ئەم ماوەیە بەشی جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆگرامانە بکات کە ئامانجتە بەدەستیان بێنیت؟

نیعمەت داود: کاروبارەکان تەنیا بە سەرۆکی ئەنجوومەن یان هەر تاکێکی دیکەی نێو ئەنجوومەنەوە بەند نییە، بەڵکو پشت بە هەوڵ و تێکۆشانی تەواوی جومگەکانی ئەنجوومەن و دامەزراوەکانی دەبەسترێت، هەر چەندە مەبەستم کەمکردنەوەی رۆڵی سەرۆکی ئەنجوومەن نییە کە بۆ راییکردن و تەواوکردنی کاروبارەکانی پێی بەخشراوە.

پرسیاری شەشەم/ کەی گفتوگۆ لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و پەیەدە دەست پێ دەکاتەوە؟ چی پێویستە بۆ رەخساندنی گفتۆگۆ؟

نیعمەت داود: ئەوەی پێشتر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و پەیەدە روویدا، گفتۆگۆ نەبوو، بەڵکو تەنیا دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بەنێوەندگیریی ئەمریکا و بەڵێنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام دراوە، ئەم دانوستانانەش دوای بەیاننامەی فەرمی ئیدارەی پەیەدە روویاندا کە لەساڵی 2019، بەفەرمی دانیان بە ئازادیی کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەن نا، بەڵام دواتر لە بەیاننامەیان پاشگەزبوونەوە و پێویستە دووبارە زەمینەی ئازادی کارکردنمان بۆ بڕەخسێنن تاوەکو بتوانین دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ بکەینەوە.

پرسیاری حەوتەم/ ئەمریکییەکان و فەرماندەی هەسەدە کە نێوەندگیری بەڕێوەچوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان دەکەن. ئەوان ناتوانن دووبارە هەمان زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی گفتوگۆ بسازێنن؟

دوای وەستانی گفتوگۆکانمان لە پاییزی 2020، وەکو ئەنجوومەن بەردەوام لەگەڵ ئەمریکییەکان و سەرکردایەتیی هەسەدە لە پەیوەندیدا بووین و هەر دوو لا گرەنتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیان کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر راگرتنی توندوتیژی و رێگرییەکانی بەردەم ئەنجوومەنی نیشتمانی کردەوە، رێککەوتنەکەش لەلایەن باڵیۆزی ئەمریکا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی پارتی بەرامبەر، تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

هەر چەندە بارودۆخی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیش دەوەستێتە سەر رازیبوونی لایەنە ئەمریکییەکان و دەستپێشخەریی سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

پرسیاری هەشتەم/ دەکرێت باسی گرنگیی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان بۆ گەلی کورد لە سووریا بکەیت؟ جەخت لەسەر ئەو پرسیارەمان دەکەینەوە: بەدروستی، کێ هۆکارە بۆ لەباربردنی ئەو گفتوگۆیە؟

نیعمەت داود: گومان لەوەدا نییە، داخوازیی هەموو تاکێکی کورد یەکگرتووییە، لەبەر ئەوەی هەم بۆ چارەسەریی پرسی کورد و هەم بۆ داهاتووی سووریاش، یەکگرتوویی کورد دەبێتە هەوێنی خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بۆ کوردی سووریا، وە هەر ئەوەش ئامانجی دانوستانەکانمانە. ئێمە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد، پەیەدە بە بەرپرسیاری سەرەکیی وەستانی گفتوگۆکان دەزانین، کاتێک گوتاری ناپاکانەیان دژ بە ئەنجوومەن و پێشمەرگەی رۆژ دا، هەروەها هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حیزب و ئەنجوومەن و بەبێ پاساو ئەندام و لایەنگرانمانیان دەستگیر کرد.

پرسیاری نۆیەم/ ئەنجوومەنی کوردی گوتارێکی میدیایی یەکگرتووی نییە، وە لە کۆتا کۆبوونەوە بەفەرمی پۆستی گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەن دیاریکرا. ئایا ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێکخستنەوەی دۆخی میدیا لەنێو تەواوی ئەنجوومەن؟

نیعمەت داود: زیادەڕۆییە ئەگەر بڵێن ئەنجوومەن خاوەن گوتارێکی میدیایی یەکگرتوو نییە. ئەو گوتارەی بڵاو دەکرێتەوە هەر ئەو گوتارەیە کە لەلایەن سەرکردایەتیی و بەیاننامەی فەرمی ئەنجوومەنەوە رادەگەیێنرێت. هەر لەیەک تێنەگەیشتنێک و ناکۆکییەکیش دروست بووبێت، بابەتێکی ئاساییە و بەهۆی فرە چالاکیی حیزبەکانەوەیە لەنێو ئەنجوومەندا. بۆ نەهێشتنی ئەم جۆرە لە یەک تێنەگەیشتنە و کۆتاییهێنان بە گوتارە میدیاییە جیاوازەکان، ئەنجوومەن بڕیاری دیاریکردنی گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی دەرکرد.

پرسیاری دەیەم/ ئەگەر بارودۆخێکی لەبار هاتە کایەوە، ئیا ئەنجوومەنی کوردی دەتوانێت حکومڕانی هەرێمەکە لە کوردستانی سووریا بکات؟

نیعمەت داود: لە دەستپێکی سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا، ئەنجوومەن بە رەچاوکردنی بارودۆخی ئاسایشی خەڵک و پێداویستییەکانی ژیان، دەستپێشخەر بوو لە بیرۆکەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتی بۆ ناوچە کوردییەکان. بەپێی ئەو قسەیەی کە دەڵێیت لە بارودۆخێکی لەبار، بەڵێ، ئاساییە کە ئەنجوومەن بەهاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دەستپێشخەری دابینکردنی تواناکانی بەڕێوەبردن لە هەرێمەکە بکات.

پرسیاری یازدەیەم/ زۆر جار ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنی کوردی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی پەیەدەوە رووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجە دەبنەوە. ئایا بەڵگەی ئەم پێشێلکارییانەتان لەلایە، وە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سکاڵاتان تۆمار کردووە؟

نیعمەت داود: توندوتیژییەکانی پەیەدە دەرحەق بە ئەندامانی ئەنجوومەن جار لەدوای جار زیاتر دەبن. هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەنجوومەن، هێرشکردنە سەر بارەگای حیزبەکان، پەستان خستنە سەر خاو و خێزانی پێشمەرگەکانی رۆژ و دەستگیرکردنیان، هەموویان بە بەڵگەوە هەڵگیراون و ئەنجوومەن لەڕێی بەیاننامە فەرمییەکان بڵاوی کردوونەتەوە و داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی کردووە، هەروەها لایەنە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشیان لەو کارانە ئاگادار کردووەتەوە.

پرسیاری دوازدەیەم/ چۆن لە بارودۆخی سووریا و گەڕانەوەی ئەم رژێمە توندە بۆ پێشەوە دەبینیت؟ ئایا سیستمەکە دەتوانێت دووبارە سەرکەوتوو ببێتەوە؟

نیعمەت داود: بارودۆخی سووریا لە هەموو لایەنەکانی ئاسایش، ئابووری و ئاستەکانی ژیان کارەساتبارە، رێژەی ئەوانەی کە لەژێر هێڵی هەژارییەوە رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە، سەرباری ئەوەی رژێمەکە هەموو پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی لەدەست داوە و هەوڵەکانی رژێم بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخە بێسوودن. وا دەردەکەوێت ئەم جۆرە هەوڵانە وەستابوون و ئەمەش زیاتر لە کۆنفرانسی لووتکەی ئەم دواییەی وڵاتە عەرەب و ئیسلامییەکان بەئاشکرا بەدی دەکرا، لەبەر ئەوە رژێمەکە جگە لە دابڕانی زیاتر، نەیتوانیوە دووبارە سیستمەکەی دابڕێژێتەوە.

پرسیاری سێزدەیەم/ پڕۆسەی سیاسی لە سووریا وەستاوە. لەبەر چی حیزب و هێزە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەیانتوانیوە لە گەیاندنی پەیامی ناڵە و ئازاری خەڵکی سووریا بە پایتەختەکانی جیهان سەرکەوتوو بن؟

نیعمەت داود: رژێم بەهاوکاریی هاوپەیمانانی، رێگری لە دانوستانەکان و کاری لێژنەی دەستووری کرد. لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکراینا و پرسی گەرمبوونی زەوی، پرسی سووریا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کەمتر خرایە بەرباس و پڕۆسەی چارەسەری قەیرانی سووریا بەتەواوی وەستاوە. رژێمی سووریا توانیویەتی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت بڕیاری 2254 فەرامۆش بکات، توندوتیژی بەرامبەر خەڵک زیاتری کردووە. سەرەڕای ئەوەش رژێم دوودڵ نەبوو لە گواستنەوەی کەمتەرخەمی رژێم و ئازاری خەڵک بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئاگاداری ئەو کارەساتەن کە بەسەر خەڵکی سووریادا هاتووە، وە دەزانرێت کە ژمارەیەک پایتەخت لە جیهان دۆسیەی دادگایان لە دژی رژێم و دامودەزگاکانیان لە دادگە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.

پرسیاری چواردەیەم/ سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی ئەنجام دەدرێن، ئێوە چ هەڵوێستێکتان هەیە؟ ئەنجوومەن دەتوانێت بنکەکانی لە عەفرین بکاتەوە؟

نیعمەت داود: لە سەرێ کانی ژمارەیەکی کەم دانیشتووانەکەی ماونەتەوە، لە مانگی یازدەی 2019، لەو کاتەوەی خەڵکەکەی ئاوارەبوون، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و ئەمەش گەورەترین پێشێلکاریی مرۆییە کە بەرامبەریان ئەنجام دراوە. لە عەفرین، پێشێلکارییەکان لە درەختەوە بۆ مرۆڤ و لە یەکەیەکی سەربازی بۆ یەکەیەکی دیکە جۆرەها پێشێلکاری ئەنجام دەدرێن. زۆربەی ئەو پێشێلکارییانەش بە بەڵگە تۆمار کراون و ئەنجوومەن توانیویەتی ئەم پێشێلکارییانە بگەیەنێت بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و باشترین چارەسەریش بۆ دۆخی عەفرین، چوونە دەرەوەی هێزە چەکدارەکان لەناو شار و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، هەروەها پێویستە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە رادەستی خەڵکی رەسەنی هەرێمەکە بکرێت.

پرسیاری پازدەیەم/ ئایا پێت وا نییە نەبوونی نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد، لە عەفرین و کۆبانێ کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر رۆڵی ئەنجوومەنە لەو ناوچانە؟ وە بۆچی هیچ نوێنەرایەتییەک بۆ ئەم دوو ناوچەیە نییە؟

نیعمەت داود: پێکهاتەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لەسەر بنەمای هەرێمایەتی بونیاد نەنراوە، وە حیزبەکانی نێو ئەنجوومەنیش حیزبی ناوچەیی نین و نوێنەرایەتیی تەواوی هەرێمە کوردییەکان دەکەن. بە هەر حاڵ، زیادکردنی نوێنەرایەتی لە ناوچەکان باشتر و زیاتر کاریگەر دەبێت.

پرسیاری شازدەیەم/ بۆ ئەوەی رۆڵتان لە پڕۆسەی سیاسیی سووریای داهاتوو هەبێت، ئێوە پشت بە پێکهێنانی بەرەی ئاشتی و ئازادی دەبەستن؟ چاوەڕوان دەکرێت ببێت بە جێگرەوەی هاوپەیمانیی سووریا کە ئێوە بەشێکن لە پێکهێنانی هەر دوو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن؟

نیعمەت داود: بەرەی ئاشتی و ئازادی، هاوپەیمانییەکی سیاسیی گرنگە کە سەرباری ئەنجوومەن، بزووتنەوەی بەیانی سووریا و رێکخراوی دیموکراتی ئاشووری لە خۆ دەگرێت. گرنگیی هاوپەیمانییەکە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە چوارچێوەی کارەکانی بەڕووی هەموو ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی باوەڕیان بە چارەسەری سیاسی و کاکرکردنی دیموکراسییانە هەیە کردووەتەوە، وە نوێنەرایەتیی بەشێکی گەورەی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و سریانی لە هەرێمەکە دەکەن. ئەو برایەتییەی لەنێوان پێکهاتەکان لە مێژووی مۆدێرنی سووریا بەدی دەکرێت، دەرخەری راستی و پێویستی کولتووری یەکتر قبووڵکردنە لە کۆمەڵگەی سووری، وە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئاشتی و ئازادی شان بە شان لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە کار دەکەن و جێگرەوەی کەسیان نین.

پرسیاری حەڤدەیەم/ لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئێوە لە کوێ وەستاون؟

نیعمەت داود: کاتێک ئەنجوومەنەکە پێگەی خۆی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی سووریادا هەڵبژارد، ویستی ببێت بە بەشێک لە چارەسەر و هاوبەشێکی راستەقینە لە بونیادنانی سووریایەکی فرەنەتەوەی دیموکرات کە دەستوور و مافە نەتەوەییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا پارێزراو بن، لەم چوارچێوەیەشدا کار بۆ بەدیهێنانی هەمان ئامانج کە ئازادی و شکۆمەندی بۆ سوورییەکان و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەرێمەکە مسۆگەر دەکات.