دیوەکەی دیکەی کورد.. وێنەیەک کە کەس نایزانێ!
نووسینی: مەها حەسەن
هاوڕێ ئیسپانییەکەم کە لە هەولێر نیشتەجێیە دەڵێت: ساڵانێکی زۆرە گەشتم کردووە بە جیهانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژهەڵات، ئوردن، میسر، مەغریب، لوبنان... بەڵام هەست دەکەم ئەو خەڵکەی ئێرە شتێکی جیاوازی هەیە، بەڵام نازانێت چۆن ئەم جیاوازییە دەرببڕێت.
سروشتییە هاوڕێ ئەوروپییەکەم بە ئاسانی لە تایبەتمەندی کورد تێناگات، منیش ئەو ژنەم کە لە نێویاندا لەدایک بووم، هەست دەکەم پێویستم بە نووسینێکی زۆرە، بۆ دەربڕینی ئەم جیهانە جیاوازەی تێیدا دەژین، ئێمە نازانین چۆن وەسفی بکەین، ئەم کوردییە ناوازەیە کە هێشتا نە نووسینی داهێنەرانە، نە سینەما و نە سیاسەت لەگەڵیدا دادپەروەر نەبووە.
هاوڕێ عەرەبەکەم کە کۆچی کردووە بۆ هەولێر دەڵێت: کۆمەڵگەی عەرەبی خۆم لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لێرە بەراورد دەکەم، هەست بە سروشتی تایبەتی کورد دەکەم تاڕادەیەکی نامۆ لەگەڵ من میهرەبانن، خاوەنی هیچ تۆوێکی توندوتیژی نین.
هاوڕێ عەرەبە سوورییەکەم کە لە فەرەنساوە سەردانی هەولێری کردبوو، بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەم شارەی بۆ کردم و لە کاتی هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی، بەشێوەیەکی خۆڕسک گوتی: خەڵکی هەولێر لە خەڵکی گوندنشینی ئێمەی سووری دەچن.
سەبارەت بە منیش هەمیشە لەبەرچاوی دۆستان و میدیاکان دووبارەم کردووەتەوە: لە هەولێر خۆم بەدەست دەهێنمەوە، لە هەولێر ناسنامەکەم دەناسمەوە.
بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە کە لە ڕێگەی ژیانی هەولێرەوە نهێنیی خۆم دەزانم، لێرە و لەوێ توخمە پەرشوبڵاوەکانم وەک تەسبیحێک کۆدەکەمەوە، بۆ ئەوەی شوناسە گەورە و فراوانەکەم بناسم، لەکاتێکدا کە پەیوەندی و بنەچەی خۆم شی دەکەمەوە .
من ساڵانێکی زۆر خەونم بەوە دەبینی کە بەشێوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی لەسەر ئەم ناوچەیە بنووسم، بەو شێوەیەی کە لیڤی شتراوس لە کتێبە گەورەکەیدا بەناوی "دوو خولگەی خەمناک"ـدا باسی کردووە، هەست بە سۆزێکی سەیر دەکەم وەک ئەوەی نهێنییەکی نەزانراو بدۆزمەوە کاتێک لەسەر وردەکارییەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان دەنووسم.
من هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم بەرامبەر بە تایبەتمەندی ئەم گەلە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کوردم، بەڵکو لەبەر ئەوەی نووسەرم ژیان ئەو بەختەوەرییەی پێبەخشیم کە بیست ساڵ لە فەرەنسا بژیم، دواتر بە بارگاویی عەقڵی ڕەخنەگرانەی خۆم تێکەڵ بە ڕۆحانییەتی ڕۆژهەڵاتدا بم کە تاوەکو ئێستاش لە مندا هەیە، بۆیە هەویرێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکەم کە لەبەردەم جیهاندا بڵاوی دەکەمەوە، بە نووسین لەسەر ئەم بەشە باش و بەرز و ناوازەی جیهان، لەبارەی خەڵکی کوردستان.
ڕەنگە قسەکانی من زیادەڕەوی تێدا بەدی بکرێت، ئەمە مافی هەرکەسێکە هەستی پێبکات، بەڵام تەنیا ئەو کەسانەی سەر بە دوو گرووپن هەستی پێدەکەن: ئەو کوردانەی کە ڕاهاتوون بەم شێوازەی ژیان، بەشێوەیەک کە سەرسامیان نەکات، ئەو کوردانە یان عەرەبانەی کە نەهاتوون بۆ ئێرە و ئەوەی من بینیومە، ئەوان نەیانبینیوە، بۆیە دەستەواژەی داستانی گلگامێشی بەناوبانگ بەکاردەهێنم: من ئەو کەسەم کە هەموو شتێکم بینیوە.
بۆ قسەکردن لەسەر هەموو ئەمانە، پێویستم بە کاتێکی زۆرە و دەبێت خۆم تەرخان بکەم بۆ کتێبەکەم سەبارەت بە کوردستان، کە ژیانکردن {لە هەولێردا} ئیلهامبەخشە بۆم، وەک ئەوەی جنۆکەی داهێنان یان پەری لێرە چاوەڕێم بکات و لەم ساتەدا پرسیار دەکەم ئایا ئەمە ئەو پەری، یان قەرینە {بەپێی بیروباوەڕی ئیسلام، ئەو جنۆکەیە کە لەگەڵ مرۆڤدایە}، وەک لە ڕۆمانی “قەرینەکانم”ـدا نووسیومە ئایا چاوەڕێی ئەوەن کە ئەوەی هێشتا نەمنووسیوە بنووسم؟
بۆیە تەنیا دەمەوێت باسی بەشێک لەو شتانە بکەم کە لێرەدا ئەزموونم کردووە، ئێستا تەنیا لەسەر بارزان دەنووسم، ئەم ناوچەیەی کە ڕۆحی منی ئاوەژوو کرد، وای لێکردم هەست بکەم هەسارەیەکی تایبەتم دۆزیوەتەوە کە هەمووان دەیبینن، بەڵام ئەوان ئاگادارنین، وەک چۆن کۆلۆمبۆس ئەمریکای دۆزیەوە، ئەمڕۆش ناوچەی بارزان بە ڕۆحێکی دەگمەن و ئیلهامبەخش و بەزەییدارەکەیەوە دەدۆزمەوە تاوەکو ئەو ڕادەیەی هەستێکی تەواو ئارامیت پێ دەبەخشێت.
کە ڕۆژێک سەردانی بارزانم کرد و پێویستم بە گەڕانەوە بوو بۆی، ئەم هەموو سۆز و جوانییەم بینی:
خەلان
لە ڕێگەی بارزان ئۆتۆمبێلەکە لە ناحیەی خەلان وەستا و بەدەر لە سەختی وەسفکردنی جوانییەکانی پەیوەست بە ئازادییەوە، هەست دەکەم لە شوێنێکدام کە ڕۆژهەڵاتی نییە، هاوشێوەی ئەو وڵاتەیە کە پێشتر سەردانیم کردووە، نە ڕۆژئاوایی، هاوشێوەی وڵاتی ڕۆژئاوا کە بیست ساڵە تێیدا دەژیم.
من لەگەڵ هاوڕێکانمدا دەچمە ناو ئەو شوێنەی کە لە کافێیەکی کراوە دەچێت، ئافرەت و پیاو قاوە و چای کوڵاو لەسەر دار دەخۆنەوە، کەس بە فزووڵییەوە سەیری کەس ناکات. ئافرەتان بە جلوبەرگی جۆراوجۆرەوە، لە تیشێرت و پانتۆرەوە دەردەکەون تاوەکو دەگاتە جلی کوردی نەخشدار و ڕەنگاوڕەنگ...
ئەم هەموو هەمەچەشنی و ئاسوودەیی و هاوئاهەنگییە، بەزۆری لە ڕۆژهەڵاتی تووند، یان ڕۆژئاوای سارددا نابینین.
لە ڕێگەی بارزان، دوای پشوودان و قاوەخواردن لە خەلان، خەریک بوو بە سەرسوڕمانەوە هەناسەیەک هەڵمژم کاتێک کچە گەنجەکانم بینی بە جلوبەرگی کوردییەوە سەبەتەی توویان بەسەر سەریاندا بوو، پەیکەری خوداوەندەکانی میزۆپۆتامیایان بیرخستمەوە. کچان بەشێوەیەکی شیعرییانە توو دەفرۆشن، وەک ئەوەی ئارامی و خۆشەویستی ببەخشن چەمکی بەخشندەیی و بەخشین بۆ جیهان ڕوون دەکەنەوە.
مەزارگەی نەمران
گەیشتینە بارزان، یەکەم شوێنی مەبەستمان مەزارگە بوو: مەزارگەی نەمران، مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی، یەکێک لە شێخەکانی سەرپەرشتیاری مەزارەکە لەگەڵمان بوو لە گەشتەکەماندا، بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی مەزارگەکە و ناوچەکەمان بۆ ڕوون بکاتەوە.
من هیچ ڕێوڕەسمێکم نەبینی و لە نزیک دیواری مەزارگەکە فاتیحەم خوێندەوە، گۆڕەکان ئاماژەن بۆ خۆنەویستی و ڕۆحانییەتی قووڵ.
بێگومان گەشتم بە مۆزەخانەکەدا کرد و سەیری فیلمێکی دیکۆمێنتاریم کرد لەبارەی بارزان و خەباتی بارزانییەکان، هەروەها سەبارەت بە چەمکەکانی سروشت لە ناوچەکە و پاراستنی ئاژەڵ و قەدرزانینی ئافرەتان، زۆر دڵخۆشبووم بەم سەردانە و لە هەمان کاتدا بە بەداخەوەبووم، چونکە ئەم جوانییە لە هەموو جیهاندا نییە... لێرەدا وانەکانی خۆشەویستی و بەخشین و ئاشتی دەخرێتەڕوو، کە پێویستن لەلایەن جیهانێکەوە کە تاوەکو گوێچکەکانی لە شەڕ و تووندوتیژیدا نوقم بووە..
تەکیەی بارزان کە ڕۆحی منی شۆرد
لە تەکیەی بارزان، ڕۆحم شۆردرا!
ئاو بەنەرمی لەناو تەکیەکەدا دەڕوات... ڕۆحی دروستکەرانی شوێنەکە لێرەدایە، ئارامی دەوری هەموو ئەو کەسانە دەدات کە دەچنە ناو شوێنەکە و هەست بە سەلامەتی تەواو دەکەن.
نە ناکۆکی لەسەر ئایینەکان، نە کوشتنی ئاژەڵ، نە تووندوتیژی، نە ڕق...
ژیان لێرە وەک ئەوە وایە لەسەر هەسارەیەکی دیکە بیت. مرۆڤەکانی ئێرە وەک ئێمە نین، بەبێ زیادەڕەوی فریشتەن.
دوور لەو تووندوتیژییەی کە هەموو ساتێک تێیدا دەژین، لە سۆشیال میدیا، لە میدیا، لە ماڵەکان، لە پەیوەندییەکان و هەندێکجاریش لە هاوڕێیەتیدا، مرۆڤەکان لە بارزان چێژ لە ژیانێک وەردەگرن کە هاوشێوەی ژیانی ئێمە نییە.
لەبەردەم ئەم تەکیەدا کڕنووش دەبەم، کە سادەیی لێ دەبارێت و بە دار هەنجیر و هەنار و شووتی دەورە دراوە و گوڵی دالیا بە بەخشندەیی بێسنوور تێیدا بڵاوبووەتەوە.
لە بارزان سەردانی مۆزەخانەی ئەنفالم کرد، ئەحیاشم ناسی، بڕیارم دا جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆی، بۆ ئەوەی بە درێژی قسەی لەگەڵ بکەم، چونکە بە دەستەکانم هەستم پێدەکرد و بە چاوم ئەو شتانەم بینی کە پێشتر نەمبینیوە، ئەوەندە لە نزیکەوە ئەزموونی ئەم وانەیەم کرد: لە لێبوردەیی و خۆشەویستی و ئاشتی..
لەسەر ئەحیا دەنووسم، کە لە مۆزەخانەی ئەنفال ناسیم و دیسان کڕنووش بۆ ئەم هەموو بەخشندەیی و ڕۆحییەتە بەرزەی خەڵکی بارزان دەبەم، کە پابەندن بە پاراستنی سروشت و پاکی و لێبوردەیی و بەخشین بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ شتێک بکەن لەبەرامبەریدا.
لە بارزان ڕووخسارێکی کورد هەیە کە دونیا نایناسێت: ئەو ڕووخسارە خەمخۆر و ئارامە کە ژیانی خۆشدەوێت و ڕق و کینە و تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە ڕەتدەکاتەوە.
لەوێ، لە بارزان، وەک نیکۆس کازانتزاکی ڕاپۆرتەکەی بۆ گریکۆ نووسیوە، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو شۆردنە ڕۆحییە بنووسم کە زیاتر لە پێشوو پێویستمانە، لە سەردەمی ململانێ و پیسبوونی دڵ و ڕۆحدا...
هەموو ئەو ئاو و دار و میوە و ئاژەڵ و بە تایبەتی ڕۆحی مرۆڤ، زیندوو و کۆچکردوو، ڕۆح دەشوات، وامان لێدەکات وەک منداڵ لەدایک ببینەوە، ئەوە ئەزموونێکی دەروونی و ڕۆحییە، هیوادارم هەرکەسێک دەتوانێت چێژی لێ وەربگرێت بە چوونی بۆ بارزان، کە ناوچەیەکە بە شاخ دەورە دراوە و پڕە لە دارستانی دار بەڕوو، هەروەها گوێز هەنار و دار هەنجیر و شووتیشی لێیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووباری گەورە و بچووکی لێی دەڕژێت.