مەسرور بارزانی.. ئەندازیاری ئاسایش و ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی.. ئەندازیاری ئاسایش و ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان

نووسینی: سەعید عومەر

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەندازیاری ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا خۆی سەلماندووە. لە نێوان فشار و ئاڵنگارییە گەورەکاندا لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە سەرکەوتوو بوو، هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی لایەنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر قەیرانەکاندا خستەگەڕ.

کاک مەسرور بارزانی گرنگییەکی تایبەتی بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دا، ئەم پایەی بە بناغەیەک زانی کە هەموو پێشکەوتنێک لەسەری بوونیاد نراوە. بەهۆی سەرکردایەتیی ژیرانەیەوە، هەرێمی کوردستان شایەتی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی تاوان و تیرۆریزم بوو، شارەکانی ناوچەکەی کردە شوێنێکی سەلامەت بۆ گەشتیاران و وەبەرهێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی عێراق و جیهان. هەروەها مەسرور بارزانی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا پتەوتر کرد، کە یارمەتیدەر بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی زۆرێک لە کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆیان.

کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی کاری کرد بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی بەرهەمی نیشتمانی لەڕێگەی پلانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا. لە ماوەیەکی کورتدا هەرێمی کوردستان لە زۆرێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا خۆبژێویی بەدەست هێنا و تەنانەت هەندێکیان هەناردە کران بۆ بازاڕە جیهانییەکان کە ئەمەش گوزارشتە لە سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە ئابوورییانەی حکومەت پەیڕەوی دەکرد.

سیاسەتی کاک مەسرور بارزانی بە میانڕەوی و حیکمەتی تایبەتمەند بوو، کە لە ڕێگەیەوە توانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە ببات. ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پێکهێنانی "هاوپەیمانی دەوڵەتی" کە حکومەتی ئێستای عێراقی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بەرهەمهێنا. ئەم سیاسەتە بەشداری کرد لە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی کارا لە هاوکێشەی سیاسی عێراقدا.

ڕۆڵی کاک مەسرور بارزانی تەنیا لە پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریدا سنووردار نەبوو، بەڵکو لایەنی مرۆییشی لەخۆگرتبوو. لە ماوەی کابینەی حکومەتەکەیدا بەڕێز مەسرور بارزانی پاڵپشتییەکی گەورەی پێشکەش بە خێزانە ئاوارەکانمان کرد لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتەکەی بەرپرسیارێتی هاوکاریکردنیان لە ئەستۆ گرت دوای ئەوەی زۆرینەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەستبەرداری بوون. ئەم پابەندبوونە مرۆییە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی سەرکردەی بەرپرسیارە کە کاک مەسرور بارزانی چێژی لێ وەردەگرێت.

سەبارەت بە دۆخی سووریا، بەڕێز مەسرور بارزانی لە هەموو دیدارەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و ئەوانەی گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەن، جەختی لە گرنگی چارەسەری ئاشتیانە کردەوە. ناوبراو جه ختی لە پێویستی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چارەسەری ئاشتیانە تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا دەڵێین دەستکەوتەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە تەنیا دەرئەنجامی سیاسەتە دەستبەجێییەکان نییە، بەڵکو بە بەشێک لە دیدگایەکی ستراتیژی درێژخایەن بە ئامانجی بوونیادنانی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان و خەڵکەکەی دەزانین. بە گرنگیدان بە ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و دیپلۆماسیی ژیرانە، توانی حکومەت بەرەو قۆناغێکی نوێی پلانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی ببات، ئەمەش وایکرد بەڕاستی ببێتە سەرکردەیەکی گەنجی ناوازە و ئەندازیاری ڕێنێسانسی کوردستان.