22 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەفسانەی تۆپی پێی یانەی ئەلجیهاد تێدەپەڕێت

وڵات تیڤی - هەولێر

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2002، شاری قامیشلۆ لە کوردستانی سوریا، هەواڵی کۆچی دوایی یەکێک لە گەورەترین یاریزانانی تۆپی پێی سوریا، هەیسەم کاجۆ، ئەستێرەی یانەی وەرزشی ئەلجیهاد پێگەیشت کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ کۆچی دوایی کرد . لەگەڵ مردنیدا کۆمەڵگەی وەرزشی یاریزانێکی ناوازەی لەدەستدا و هاندەرانی بە خەمێکی قووڵەوە ماڵئاواییان لێکرد و ناوبانگێکی وەرزشی لەبیرنەکراوی لەدوای خۆی جێهێشت.

* هەیسەم کاجۆ کێیە؟

هەیسەم کاجۆ لە ساڵی 1976 لە شاری قامیشلۆ لەدایکبووە، لە منداڵییەوە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ تۆپی پێ نیشانداوە، لە ساڵی ١٩٩٠ پەیوەندی بە یانەی ئەلجیهادەوە کردووە، دواتر بووەتە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکە.

کاجۆ خاوەن بەهرەیەکی ناوازە بووە و هاوڕێیانی بە یاریزانێکی بێهاوتا وەسفیان کردووە. لە ماوەی کورتی ژیانی وەرزشیدا توانی سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێ لە سووریا بەلای خۆیەوە رابکێشێت، چونکە توانایەکی گەورەی لە یەکلاییکردنەوەی یارییەکاندا هەبووە.

* وردەکاریی کۆچی دوایی هەیسەم کاجۆ

لە گەشتێکی تایبەتی تیپەکە کاتێک پاسی تایبەتی یاریزانانی یانەی وەرزشی ئەلجیهاد، بەرەو شاری دێرەزۆر دەڕۆیشت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیپی ئەلمەیادین بەڕێکەوتبوو، تووشی ڕووداوێکی ترسناکی هاتووچۆ بوو و هەندێک لە ئەندامانی تیپەکە بریندار بوون، بەڵام هەیسەم کاجۆ دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و یانەی ئەلجیهاد "خۆری تیپەکە"ی لەدەستدا کە لە سەرکەوتنەکانیدا دەدرەوشایەوە.

* گوتەی هاوڕێکانی لە یاریگەدا

مۆفەق حوسێن، هاوڕێی هەیسەم لە یانەی ئەلجیهاد،  سەبارەت بەو ساتانەی لە تەنیشتییەوە یاری کردووە دەڵێت: چوار ساڵ پێکەوە یاریمان دەکرد، هەیسەمیش هەمیشە باشترین قەناس بەدەستی تپەکە بوو، لە کومترین هەلدا گۆڵی تۆمار دەکرد، باوەڕم بە هەواڵی مردنەکەی نەدەکرد کاتێک بۆ یەکەمجار بیستم، پێم وابوو کە تەنیا دەنگۆیەکە.

* دەستکەوتێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا

هەر چەندە ژیانی وەرزشی پێشوەختە کۆتایی هات، بەڵام هایسەم سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەلجیهادی کرد بۆ قۆناغی پێشکەوتووی خولی نایابی سووریا و لەوێش دووجار نازناوی گۆڵکاری سووریای بەدەستهێنا. هەروەها بەشداری جامی پاڵەوانانی ئاسیای کردووە و لە ساڵی 2000 هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی سووریاوە بکات، کاجۆ خۆی سەلماند کە یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی گۆڕەپانی سووریا، هەروەها جێگەی سەرنجی قسەکردن بوو لەسەر شەقامی وەرزشی ئەو وڵاتە.

* ماڵئاواییەکی دڵتەزێن لە هەموو قامیشلۆ

لە پرسەی هەیسەم کاجۆ ڕێپێوانێکی بەرفراوان لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو کە خەڵک بە کورد و عەرەب و مەسیحییەوە بۆ ماڵئاوایی لەو یاریزانە کە ساڵانێک بوو بە گۆڵ و سەرکەوتنەکانی دڵخۆشیان کردبوو رژابوونە سەر شەقام و فرمێسکی هاندەران و هەستکردن بە ئازار و خەم و پەژارەی کۆچی دوایی، شایەدی ئەو بڕە خۆشەویستییە بوو کە بۆ کاجۆ وەریگرت، یاریزانێک کە هەرگیز لە یادی یانەی ئەلجیهاد و شارەکەی قامیشلۆدا دووبارە نابێتەوە.