د. سەڵاح دەروێش: پرسی کورد لە دیمەشق چارەسەر دەبێت و ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەد ئەگەر جدی بێت

د. سەڵاح دەروێش: پرسی کورد لە دیمەشق چارەسەر دەبێت و ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەد ئەگەر جدی بێت

وڵات تیڤی - هەولێر

د. سەلاح دەروێش، سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشڤەڕووی کورد لە سووریا، ڕۆشنایی خستە سەر دیدگای خۆی سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا و کوردستان.

لە چاوپێکەوتنێکی سیاسیی تێروتەسەلدا کە لەلایەن "وڵات تیڤی" لەگەڵ دەروێش ئەنجامدرا، باسی لە پرسە سەرەکییەکان کرد، لەوانەش ڕەوتە چاوەڕوانکراوەکانی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوە و ئەوەی ئەم ئیدارە نوێیە دەتوانێت چی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت، ئەمە جگە لەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی گەلی کورد لە سووریا دەبێتەوە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

هەروەها دەروێش باسی لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد، هەروەها ڕۆڵی لایەنە کوردییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە، تیشکی خستە سەر گرنگی یەکڕیزی کورد لە سووریا، هەروەها کاریگەریی سیاسەتی ئەمریکا و تورکیا لەسەر پرسی کورد.

هەر لە دیدارەکەدا ئاماژە بە هەڵوێستی ڕژێمی سووریا کرا سەبارەت بە پرسی کورد و پێویستیی دانوستان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکان، ئەمە جگە لە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی تێڕوانینی نەرێنی بەرامبەر بە کورد. دەروێش لە ڕێگەی ئەم چاوپێکەوتنەوە هەڵوێستی ڕاشکاوانە و دیدێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی ناوچەکە دەخاتە ڕوو.

دەقی گوتووێژ لەگەڵ سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشڤەڕووی کورد لە سووریا، د. سەلاح دەروێش:

*وڵات تیڤی: زۆرێک لە لایەنەکان چاوەڕێی ئەوە نەبوون سەرۆک ترەمپ سەربکەوێت، ڕای تۆ لەسەر ئەم پرسە چییە؟

**د. سەڵاح دەروێش: ئەوە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە بایدن هیچ شتێکی باشی پێشکەش نەکرد.

*وڵات تیڤی: پێتوایە ترەمپ چی دەکات؟

**د. سەڵاح دەروێش: ترەمپ بە پێی پلان و ئامانجەکانی کە باوەڕی پێی هەیە، بەرەوپێش دەچێت و دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ترەمپ بەرهەمی دامەزراوە ئەمریکییەکان نییە، نە لە کەشوهەوای ئەواندا گەورە بووە، نە لەنێو سیاسەتی ئەمریکاش پیر بووە، هەروەها هیچ ئەزموونێکی سەربازیشی نییە و لەئەنجامی سیاسەتە لاوازەکانی بایدن سەرکەوتنی بەدەست هێنا کە وایکرد گەلی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ترەمپ لە لایەکی دیکەوە گەلی ئەمریکا هەرگیز ژنێکی کاندیدیان لە مێژووی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی  هەڵنەبژاردووە.

*وڵات تیڤی: مەبەستت ئەوەیە کە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ هەبووە؟

**د. سەڵاح دەروێش: ترەمپ پارەیەکی زۆری بۆ ئەمریکا کۆکردۆتەوە وە بەڵێنیشی داوە کە داهاتی زیاتر بکات بەڵێنیشی دا کە پارەیەکی زۆر خەرج بکات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و خزمەتگوزارییەکانی گەلی ئەمریکا و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان.

*وڵات تیڤی: ئایا سیاسەتی دەرەوەی ئەو کاریگەری لەسەر ئەمە هەبوو؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە کۆمارییەکان توندتر و خێراترن لە دیموکراتەکان و باوەڕم وایە ترەمپ ڕێبازی پێشووی خۆی پەیڕەو دەکات.

*وڵات تێفی: پێتوایە چی دەخرێتەڕوو سەبارەت بە قەیرانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: ترەمپ ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت و بە هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری دەزانێت و پێم وایە بە سیاسەتێکی توندتر کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەیە، بەردەوام دەبێت، وەک ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە، لە ڕێگەی بەردەوامی پشتیوانی و کاریگەری لەسەر گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا کە لەگەڵ مەیلەکانی ترەمپ دەگونجێت بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ لێدان و تێکدانی ئەم گروپانە و گەیشتن بە ئامانجەکانی.

*وڵات تیڤی: پێت وایە ترەمپ هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە؟

**د. سەڵاح دەروێش: ئەمە بەندە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و ترەمپ بیر لە کشانەوە و مانەوە لەو شتانە دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی ئەمریکا دەکات یان نا، ئەگەر بۆ نموونە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بدۆزێتەوە، ئەوا بەپێی ئەو بەرژەوەندییە بەردەوام دەبێت.

*وڵات تیڤی: ئەگەر گریمانە بکەین بۆ کشانەوەی ئەمریکا، چاوەڕوانی ئەوە دەکەیت؟

**د. سەڵاح دەروێش: ئەمە ئەگەرێکی کراوەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بگونجێت، چونکە ئیدارەی ئەمریکا هەرگیز دژی بەرژەوەندییەکانیان ناوەستنەوە و ئەو بەرپرسانەی لە ئێستادا لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشان دەکرێن، هەرگیز لە مێژووی خۆیاندا دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان نەوەستاون.

*وڵات تیڤی: زۆرێک لە بەرپرسانی ئیدارەی داهاتووی ترامپ دۆستی کوردن ئەمە چ ڕۆڵێکی دەبێت؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: باوەڕم وایە کاتێک دەتوانین بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە بپارێزین لە ترەمپ و تیمەکەی نزیک دەبینەوە.

*وڵات تیڤی: چۆن؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: کاتێک ئێمە هاوپەیمانیی بەهێزی ئەوان بین و بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسی بپارێزین، بەڵام ئەگەر ترەمپ ببینێت تورکیا زیاتر لە ئێمە بەرژەوەندییەکانی بەدەست دەخات و دەیانپارێزێت، ئەوا بەرژەوەندییەکەی لەگەڵ تورکیا گەورەتر دەبێت، هەروەک چۆن بەهەمان شێوە بەرامبەر بە ئێرانیش وا دەبێت.

کاتێک دەڵێین ئێمە گەلێکی چەوساوە و گۆشەگیرکراوین و ئەمریکا دەبێت لەگەڵمان بوەستێت، ترەمپ وەک دامەزراوەیەکی خێرخوازی نایەت بۆ لای ئێمە، بەڵکو هەمیشە “پێشتر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا” دەخاتە پێشەوە.

*وڵات تیڤی: لە قۆناغی داهاتوودا چی لێتان دەخوازرێت وەک حیزبە کوردییەکان؟

** د.سەلاح دەروێش: پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا تێبگەین لە سیاسەتی ئەمەریکا کە بەرەو کوێ دەڕوات و بەشێوەیەکی عەقڵانیتر لە هزر و دیدگاماندا یەکبگرین، چونکە وەک تاک ناتوانین بەتەنیا بابەتەکان هەڵبسەنگێنین، بەڵام ئەگەر یەکتر ببینین لەسەر مێزێک دەتوانین لە پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوو تێبگەین، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر هاوپەیمانانمان لە ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.

*وڵات تیڤی: هەڕەشەکانی ئەردۆغان - دوای سەرکەوتنی ترەمپ- چۆن دەبینن سەبارەت بە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانووی دامەزراندنی ناوچەی ئارام؟

**د.سەڵاح دەروێش: من پێم وایە ئەردۆغان ئەم هەڕەشانە دەکات، چونکە سەرۆکی ڕژێمی سووریا تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە، بەو پێیەی کە ناوبەناو هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرش دەکات بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد ملکەچ بێت بۆ ئەو.

هەموو ئەم هەڕەشانە ناڕەوان چونکە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ هەڵەیەکیان بەرامبەر بە تورکیا نەکردووە.

*وڵات تیڤی: بە بەرزکردنەوەی وێنە و هەندێک هێما و لۆگۆی ئەو لایەنانەی کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت، ئایا ئەمە بە هەڵە نازانرێت؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: گومانی تێدا نییە، بەڵام وەک کوردی ڕۆژئاوا و حیزبە کوردییەکانی سووریا لەگەڵ ئەوەدا نین تورکیا لەدژی ئێمە هانبدرێت ئێمە لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردین لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتییانە، بەرزکردنەوەی دروشمگەلێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کورد ناکات، شتێکە کە پەیوەستە بە ئێمەوە بە کاریگەرییەکی ناڕەوا و نەرێنی دروست دەکات، ئێمە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و تەنیا لە دیمەشقەوە داوای مافە نەتەوەییە ڕەواکانمان دەکەین.

*وڵات تیڤی: ئایا دیمەشق دەتوانێت هیچ مافێک بە گەلی کورد بدات؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: بەپێی دەستووری سووریا دەبێت مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا دووپات بکرێنەوە و پارێزراو بن و بەبێ گوێدانە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، ئەگەری ئەوە هەیە هەموو وڵاتانی ئەمڕۆ لە ناوچەکە بکشێنەوە و ئێمەش بمێنینەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەشێکین لەم نەتەوەیە، دەبێت گەلی سووریا ئێمە وەک بەشێک لە خۆیان قبوڵ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین داوای مافەکانمان بکەین، چونکە ململانێی ئێمە لەگەڵ تورکیا و ئێران و عێراقدا نییە، کێشەی ئێمە لە دیمەشقە.

*وڵات تیڤی: ئایا پارتە سیاسییە عەرەبییەکان لە سووریا کورد قبوڵ دەکەن؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: گومانی تێدا نییە کورد وەک شەریک قبوڵ دەکەن، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بە هەوڵ و کارکردن هەیە.

*وڵات تیڤی: چ کارێک پێویستە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: لەبیرمە کە کۆچکردوو سکرتێری پێشووی حزبەکەمان، حەمید دەروێش، کار و هەوڵی زۆری لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکاندا دا و وای لێکردن پرسی کورد قبوڵ بکەن، بەو پێیەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بەدرێژایی دەیان ساڵ دیدگایەکیان لای پێکهاتەی عەرەبی دروست کرد کە لە کورد بترسن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان دەستدرێژکار و جوداخوازن و دەوڵەتەکەمان لەیەکتر دەدڕێنن ئەرکی ئێمەیە ئەم تێڕوانینە و ئەم چەمکە باوەی لە مێشکی خەڵکدا بگۆڕین بۆ باشترکردنی تێڕوانینیان بۆ ئێمە.

*وڵات تیڤی: لەڕێگەی کاری سیاسیتان لە هاوپەیمانی سووریا بۆ ماوەی ساڵانێک، توانیتان دیدگای نەرێنی لایەنە عەرەبییەکان بەرامبەر بە گەلی کورد بگۆڕن؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: دیدگای زۆرێک گۆڕاوە و دەگۆڕێت کاتێک ڕاستییەکان لەبارەی داخوازییەکانی گەلی کوردەوە بزانن ئەوە جیایە کاتێک ڕژێم پێیان ڕادەگەیەنێت کە کورد جووداخوازە و کاتێکیش ئێمە داوای یەکسانی دەکەین لەگەڵ ئەوەی کە ماوەتەوە لە ماف و داواکارییە نیشتمانی و سیاسییەکانماندا لەناو سووریایەکی یەکگرتوودا، ئەوە شتێکی دیکەیە کە عەرەبەکان لێی تێدەگەن مەسەلەکە جیاوازە لە دروستکردنی وێنەی ڕاستەقینە لە مێشکی ئەوانی تردا.

*وڵات تیڤی: ئێوە وەک “پارتی دیموکراتی پێشڤەڕوو کورد”، داخوازییەکانتان چین؟

** د.سەلاح دەروێش: وەک حزبێک لە کۆتا کۆنفرانسی شانزەهەمینماندا ڕامانگەیاند کە دروشمی “مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی سووریامان بە شێوەیەک بەرزکردەوە کە لە داهاتوودا کێشەیەک دروست نەکات”.

*وڵات تیڤی: بۆچی فۆڕمی دەوڵەتی داهاتووتان وەک خۆبەڕێوەبردن، فیدراڵیزم، یان لامەرکەزییەت دیاری نەکرد؟

**د. سەڵاح دەروێش: گوتمان فۆرمەکە دیاری دەکرێت کاتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشین بۆ داواکردنی مافەکانی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی دواتر بتوانین زانیاریمان لەسەر تواناکانی خۆمان و تواناکانی نەیارەکەمان هەبێت.

*وڵات تیڤی: زۆرێک لە سەرکردەکان داوای دەستکەوتی گەورە و زیاتر دەکەن تا ئۆپۆزسیۆن یان هەرکەسێک نوێنەرایەتییان دەکەن. تۆ ڕات لەسەر ئەوە چییە؟

**د.سەڵاح دەروێش: بە گوتەی خوالێخۆشبوو حەمید دەروێش: "دوو کەس هەن کە هەمیشە لە دانوستانەکاندا دۆڕاون: ئەو کەسەی داوای زۆر دەکات و ئەوەی کەمێک دەبەخشێت کاتێک تۆ لەداواکاریەکانتدا میانڕەوی دەکەیت زیاتر سەرکەوتوو دەبیت"، ئەگەر داوای دەوڵەت بکەین، بۆ نموونە فیدراڵیمان پێدەبەخشن؟ بە دڵنیاییەوە ئەمە وا نییە، بەڵام دەبێت داواکاریی ئێمە میانڕەو و واقیعی و بەدیهاتن بێت، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە لێمان نەترسن و لە تەنیشتمان بوەستن.

*وڵات تیڤی: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردن بە جیددی دەزانن؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: بەڵێ من بە جددی دەیبینم، چونکە ئەوە یەکەمجار نییە، پێشتریش هەڕەشەکانی جێبەجێ کردووە ئێمە دڵخۆش بووین بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دەولەت باخچەلی و ئەردۆغان، چاوەڕوانیشمان دەکرد لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون بۆ پرسی کورد لە تورکیا، بەڵام هێرشەکانی ئەنقەرە ڕێڕەوەکەی گۆڕی.

*وڵات تیڤی: ئایا هێرشەکانی ئەنقەرە هۆکاری گۆڕینی ڕێڕەوەکە بوو؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: هەرکەسێک لەپشتەوە بێت، دەبێت سەرکردایەتی تورکیا ئاگاداری ئەوە بێت کە کوردی کردۆتە دڕندە لە چاو و مێشکی گەلی تورکیادا، بەمەش دوژمنی بێشوماری بۆ کورد دروستکردووە، ئەوانیش شەڕ دەکەن بۆیە کاتێک لەناکاو گفتوگۆکان دەخەنە سەر مێزەکە، زۆرێکیان لە ڕێگەی چارەسەرەکەدا دەوەستن و کێشە دروست دەکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی.

*وڵات تیڤی: هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەی ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە، بەڵام نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوەیە لە ئێستادا گونجاو نییە. ئەمە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: من پێم وایە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکەدایە، لەوانەش شەڕی غەززە و شەڕی لوبنان، هەروەها داواکارییەکانی ئەردۆغان لە ئەسەد بەبێ کشانەوەی لە خاکی سووریا، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەسەد، چونکە بە داگیرکەری دەزانێت و دەبێت پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بکشێتەوە.

هەروەها دەبینم کە بارودۆخی نێودەوڵەتی لەم قۆناغەدا لەبار نییە بۆ ئەمە و پێشبینی دەکەم لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەری ئەم کارە هەبێت

*وڵات تیڤی: پێت وایە ئەسەد نایەوێت چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت یان بەپێچەوانەوە؟

**د.سەڵاح دەروێش: هەردووکیان نایانەوێت ئەو کارە بکەن، چونکە هەریەکەیان مەرجی هەیە بۆ ئەوەی ئەوی تریان دانوستان قبوڵ بکات.

*وڵات تیڤی: ئایا کورد ئامادەیە لەگەڵ دەسەڵات دابنیشێت؟ بە زانینی ئەوەی کە حیزب و بزووتنەوەی کوردی لە پەیوەندی دایە لەگەڵ هەندێ لایەنی نوێنەرایەتی ڕژێمدا، ئایا ئێوە وەک حیزب ئارەزووی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕژێم دەکەن؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: پێشتر گوتم کە چارەسەری کێشەی کورد لە پایتەخت دەبێت، بەبێ گوێدانە ئەو حکومەتە یان دەسەڵاتەی نوێنەرایەتی دەکات ئەگەر ئەسەد ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئێمە ئامادەین لەگەڵی دابنیشین.

*وڵات تیڤی: تا ئێستا متمانەت بە ئەسەد هەیە؟

** د.سەڵاح دەروێش: ئەوە بابەتێکی ترە هەرکەسێک بیرۆکەی دانوستان پێشنیاز بکات، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، چونکە ئەگەر بیرۆکەی دانوستان لە بناغەکانی هەڵبوەشێنینەوە، ئەمە هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە کە ئێمە دەیکەن، چونکە ئێمە بەشێکین لەم نەتەوەیە و چارەسەری پرسەکەمان لەناو ئەم وڵاتەدایە، بۆیە ئەمریکا ناتوانێت فیدراڵییەتمان بۆ بەدەست بهێنێت بەبێ ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕژێمی سووریا نەبێت.

*وڵات تیڤی: دیمەشق لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخە نەگبەتەی کە پێیدا تێدەپەڕێت، ئایا توانای بەدەستهێنانی شتێک بۆ کورد هەیە و ئایا ڕووسیا یان ئێران ڕێگری لێدەکەن؟

**د.سەڵاح دەروێش: بەپێی داتاکان لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پێموایە ئێران دەستی لەوەدا هەیە و ئەگەر ڕژێمی سووریا بەدوای سەقامگیری ناوچەکەدا دەگەڕێت، دەبێت چارەسەری  پرسی کورد و کێشە ناوخۆییەکانی سووریا بکات، لەوانەش کێشەی کەمینەکان و دۆخی ئابووری، ئەگینا بەبێ چارەسەر، سووریا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی.

*وڵات تیڤی: ماوەیەکە پەیوەندی نێوان لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پچڕاوە، بەڕای ئێوە دیالۆگی کورد و کورد بەرەو کوێ دەڕوات؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: هەندێ کۆبوونەوە لە نێوان ئێمە وەک حیزب هەیە، بەڵام کێشە لە نێوان حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد هەیە.

*وڵات تێفی: هیچ دیدگایەکت بۆ لێک تێگەیشتن پەرەپێداوە؟

**د.سەڵاح دەروێش: لەڕاستیدا پێمان خۆشە هەردوو لا بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بزووتنەوە و یەکگرتوویی کورد بە ئیفلیجی نەمێنێتەوە، چونکە دوو لایەنی گرنگن بۆ ئەوەی شتێک بۆ گەلەکەمان و میللەتەکەمان بەدەست بهێنین، پێویستە هەموومان هاوڕا بین و هاوکاربین بۆ گەڕاندنەوەی گفتوگۆی نێوان هەردوو لا.

*وڵات تیڤی: بەڕای ئێوە وەک لایەنێکی بێلایەن، کێ هۆکاری کێشەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەیە لە کاتێکدا ئەوان یەکتر تۆمەتبار دەکەن؟

**د.سەڵاح دەروێش: پێویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی هەردوو لا بکەین و هیوادارین لە بەر ڕۆشنایی ئەو توانایانەی کە لەبەردەستی هەردوو لا دایە، بگەنە لێکتێگەیشتن.

*وڵات تێفی: کێ لەو دووانە بەرپرسیارترە لە لەرزۆکیی دیالۆگەکە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: پێم وایە هۆکاری سەرەکی ئەو دروشمانەیە کە نوێنەرایەتی کوردی سووریا ناکەن بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە و گرنگی بە گەلەکەمان و دروشمەکانمان بدەین، ئێمە لە دەرەوەی وڵات سەختی و ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکەن و زیاتر هەوڵی خۆشکردنی ئاگری نێوانمان دەدەن و ڕێگری لە کۆدەنگی نێوان هەموو لایەنەکان دەکەن هیوادارین پێداچوونەوە بە خۆماندا بکەین و بەجددی و عەقڵانی کار بکەین بۆ ئەوەی لەسەر یەک مێز دابنیشین، بەپەلە داواکارییەکانی خەڵک بخەینە ڕوو و پێشنیازی ئەو دەرگایانە بکەن کە دەبێت لێیان بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردی، و ئەمەش ئەو کارەیە کە پێویستە ئەمڕۆ پەیڕەوی لێبکەین.

*وڵات تیڤی: ئایا زلهێز و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارن لەم کارە؟

** د.سەلاح دەروێش: من پێموایە ئەگەر ئەمەریکا جددیتر بووایە، دەیتوانی ئەو دوو لایەنە بگەیەنێتە خاڵی ڕێککەوتن، وەک ئەوەی پێشتر لە هەرێمی کوردستان کردبووی، سەرەڕای ئەو ناکۆکی و بەرەنگاربوونەوەی لەو کاتەدا لە نێوان لایەنەکاندا ڕوویدا، ئەمڕۆش ئەگەر ئەمریکا ئارەزووی ئەوەی هەبووایە، دەیتوانی ئەم ڕێککەوتنە بەدی بهێنێت، بەڵام پێدەچێت ئەمە بۆ ئەمریکا زۆر گرنگ نەبێت.

*وڵات تیڤی: سەبارەت بە حیزبەکەتان، لە ئێستادا دابەش بووە بەسەر دوو حزبی جیاوازدا ئایا دیسان هیوایەک هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوە؟

** د.سەلاح دەروێش: ئەوە ڕەت ناکەمەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک نییە، چونکە لایەنی بەرامبەر ئەوە قبوڵ ناکات ئێمە هەوڵی جددی خۆمان دا بۆ ئەوەی کۆنفرانسێکی یەکگرتوو ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوان ڕێگرییان لە هەوڵەکانمان کرد. دوو ساڵ دانوستانمان کرد، بەڵام بێسوود بوو.

*وڵات تیڤی: زۆر جار دەگوترێت دکتۆر سەلاح دەروێش پێی خۆشە بچێتە ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردەوە یان دیدگاکەیان یەکدەگرێتەوە ئەم قسەیە تا چەند ڕاستە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: ئێمە لە بنەڕەتدا لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد بووین، هەروەها ئەنجوومەنەکەمان دامەزراند بەمەبەستی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی گەلی کوردستان کاتێک دامەزرا و لەژێر ئاڵای ئەو ئەنجوومەنەدا ڕێزمان لێ گیرا بۆ یەک هۆکار، حیزبەکەمان بڕیاریدا لە ئەنجوومەنەکە بکشێتەوە، بەبێ گوێدانە ڕاست و دروستی بڕیارەکە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنجومەنەکە باشە و دیدگای ئێمە لە زۆر پرسدا هاوشێوەیە. گەڕانەوەش بۆ ئەنجوومەن، ئەو پرسە لە ئێستادا لەسەر مێز نییە.

*وڵات تیڤی: داوات لێکرا ئەو کارە بکەیت؟

**د.سەڵاح دەروێش: بەڵێ، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بگەڕێینەوە.

*وڵات تیڤی: بڕیاری چاوەڕوانکراوتان چییە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: پێم وایە دروستکردنی فۆرمێکی نوێ باشترە، وەک گەڕانەوەی ئەنجوومەن بۆ هەندێک لە کارەکانی پێشووی خۆی، وەک ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە ئەنجام دراون، هەروەها دیراسەکردنی هۆکارەکانی کشانەوەی ئێمە لە ئەنجوومەن، پاشان دەتوانین لە یەک چوارچێوەدا کۆببینەوە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد.

*وڵات تێفی: ئەم هەڵانە ڕێکخراوەیی بوون یان سیاسی؟

**د. سەڵاح دەروێش: زۆرینەی ڕێکخراوەیی بوو، هیچ جیاوازییەکی سیاسیش نەبوو، چونکە ئێمە بەڵگەنامەی دیدگای سیاسیمان لەگەڵ هاوپەیمانی سووریا واژۆ کرد.

*وڵات تیڤی: حزبەکەت لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە ڕازی بوو؟

**د.سەڵاح دەروێش: بەڵێ، ئێمەش بە ئارەزووی خۆمان واژۆمان لەسەر کرد.

*وڵات تیڤی: پەیوەندیتان وەک حیزب لەگەڵ پەیەدە چۆنە؟

**د.سەلاح دەروێش: پەیوەندیمان لەگەڵیان باش و ئاساییە، ڕەنگە ڕەخنەمان لێ بگرن و ئێمەش هەندێک جار ڕەخنەیان لێ بگرین، بەڵام ئێمە ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوانمان زیاتر ناکەین.

*وڵات تیڤی: دوژمنایەتی لە نێوان پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورددا هەیە؟

**د.سەڵاح دەروێش: نەخێر، چونکە ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان چارەسەریان دەوێت و بەدوای حزبێکدا دەگەڕێن کە هەردوو لا بگەیەنێتە خاڵی یەکلا کەرەوە ئێمەش پەیوەندی ئاساییمان لەگەڵ هەمووان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین، دەبێت هەمیشە دەرگاکانمان کراوە بن، تەنانەت لەبەردەم ئەو کەسانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵمان ناکۆکن.

*وڵات تیڤی: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوپەیمانی بەتایبەتی چۆنە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵیاندا نییە و ئەوانیش لەمێژە پەیوەندییان بە ئێمەوە پچڕاو پەیوەندیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە، لەگەڵ هەموو لایەن و کەسایەتی و گروپەکان گفتوگۆ دەکەین و هەندێک لێکتێگەیشتن لە نێوانماندا هەیە بۆ ئەوەی بچینە قۆناغی چارەسەری سیاسی بۆ سووریا، بۆ ئەوەی بتوانین کار لەگەڵ ئەم لایەنانە بکەین کە خزمەتی سووریا و گەلی کورد دەکەن.

*وڵات تیڤی: لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی سووریا کۆبوونەوەتان هەیە؟

** دکتۆر سەلاح دەروێش: لە پلاتفۆرمی مۆسکۆ و قاهیرەوە بانگهێشتنامەیەک بۆم نێردراوە و بڕیارە ئامادە بم، بەو پێیەی هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەیە و هەروەها داوامان لێدەکرێت بەشداریی بکەین، بەڵام دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی حزبەکەمان، زۆر بابەت هەیە کە دەبێت بخرێتە ناو میساقی ڕێکخراوەکەوە بۆ ئەوەی ئێمە بچینە نێو پلاتفۆرمەکەوە ئەویش ئەوەیە کە پرسی کورد و داخوازییەکانی کورد کەمن و ناتەواون لە چوارچێوەی پلاتفۆرمەکەدا و ئەو داواکاریانەش دانپێدانانی دەستووری مافە ڕەواکانی گەلی کوردن کە لە دەستووری سوریادا پارێزراوە.

*وڵات تیڤی: بەتەنیا دەچیتە مۆسکۆ یان حزبی تر لەگەڵت هەیە؟

**د.سەڵاح دەروێش: بەتەنیا بانگهێشتیان کردین.

*وڵات تیڤی: پەیوەندییەکانتان وەک حیزبێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟

**د.سەڵاح دەروێش: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستانیش بەهەمان شێوە باشە.

*وڵات تیڤی: قسەیی کۆتایی لە ئێوەوە چییە؟

**د.سەڵاح دەروێش: هیوادارم لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان خۆیاندا لەسەر یەک بەرژەوەندی ڕێکبکەون لە پێناو گەیشتن و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و هەموو هەوڵەکانمان بۆ یەکگرتن و گەیشتن بە هیواکانی کوردە.