لە وەڵامی سوبحی توفەیلی، کورد قوربانیی مارە
وڵات تیڤی - هەولێر
نووسینی: د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان
هاوشێوەی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە، پێویستی بەوەیە هەمووان خۆیان کۆبکەنەوە بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆحی برایەتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری و گەشەپێدان لە وڵاتدا و دوورکەوتنەوە لە کردەوەی تێکدەرانە کە هەموو شتێک دەسوتێنن بە تەڕ و وشکەوە کە کەشێکی ململانێی خوێناوی و بێمانا دروست دەکات و زیانەکانی کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت، لە لایەکی دیکەوە هەنگاوی دڵسۆزانە لە سوریای نوێدا بەدی دەکەین کە هیوادارین وڵاتێکی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە کە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە لێرە و لەوێ دەنگ و لێدوانی سەیر و سەمەرە دەبیستین کە خزمەت بە برایەتیی و گیانی هاووڵاتیبوون ناکات، بەبێ ئەوەی هیچ خەمی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا و پرەنسیپەکانی خۆشەویستی و رێزگرتن لەنێوان پێکهاتەکانیان هەبێت بە فڕێدانی تیری دوژمنکارانەیان دژ بە لاوازەکاندا، بۆ لەباربردنی خواستە ڕەواکانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و دیدگایان بۆ ژیانێکی نوێی دوور لە دیکتاتۆرییەت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لێدوانی سیاسەتمەدارێکی لوبنانیمان بینی، “توفەیلی”، کە بە قسە ژەهراوییەکانییەوە خۆی دەرخست کە بە درۆ و بوختان هێرشی کردە سەر گەلی کورد و بە سەری مار وەسفی کرد، هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو دەستی خستە سەر پرسە نەزۆکەکان کە هۆکاری خوێنڕشتن و تێکدانی ڕیزەکان و هۆکاری ئاژاوەگێڕی و خوێنڕشتنە لە عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی و تائیفی، پێویستە زۆر باش بزانێت کە هۆکاری سەرەکی پشت ئەو هەموو کارەساتانەی ناوچەکە لە عەقڵیەتی دیکتاتۆری و شۆڤێنیزمی مەزهەبیدایە، نەک لە گەلی ستەملێکراوی کورد، گەلی کورد، وەک گەلانی دیکە، مافی ڕەوایان هەیە، کەس ناتوانێت بە هیچ بیانوویەک ئینکاری بکات یان لێی بسەنێتەوە. کورد سەری مار نییە وەک خۆی باسی کردووە، بەڵکو قوربانیی مارە.
هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا و تەواوی ناوچەکە بەدەست دەرئەنجامەکانی ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیستییە دەناڵێنن کە وایکردووە ببنە قوربانی گۆشەگیری و هەڵاواردن، پێویستە کۆتایی بەم بیرۆکە ژەهراوییانە و شەپۆلەکانی ڕق و کینە بهێنرێت کە تۆوی جیاکاری دەچێنن و پێویستە دڵسۆزان ڕووبەڕووی ئەم بیرۆکە وێرانکەرانە ببنەوە و کۆتاییان پێبهێنن، گومانی تێدا نییە کە کردار و گوفتارەکانی "توفەیلی" نوێنەرایەتی هاندان لە دژی تەواوی گەلێک دەکەن و دەبنە هۆی ورووژاندنی ناتەبایی و ڕق و کینە لەناو موسڵماناندا کە گوناهێکی گەورەیە و پێچەوانەی بنەمای ئایینی ڕاستەقینەی ئێمەیە کە داوای یەکڕیزی و برایەتی دەکات.
پێویستە هەمووان لە مێژوو وانە وەربگرین، ڕوونە کە نادادپەروەری و ڕق و نکۆڵیکردن لە مافی کەسانی دیکە بۆ هەمیشە ناخایەنێت و بوونی ئەو جۆرە بیرۆکانە لە گۆڕەپانی سیاسیدا تاکە هۆکارە بۆ ئەوەی هەموو هێزەکانی چاکە داواکاری و مافە ڕەواکانیان بەدەست نەهێنن، لە کۆتاییدا هیوادارم هەمووان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی لۆژیکی و کراوە و قبوڵکردنی ئەوانی دیکە، لە باوەڕبوون بە یاسای خودا لە دروستکراوەکانیدا، وەک خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ).