ڕاوێژکارێکی ترەمپ بۆ وڵات تیڤی: ئەمریکا ڕژدە لەسەر کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا

ڕاوێژکارێکی ترەمپ بۆ وڵات تیڤی: ئەمریکا ڕژدە لەسەر کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا

وڵات تیڤی - هەولێر

گابرێل سۆما، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ وڵات تیڤی ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕژدە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا.

لەو دیدارە تایبەتەدا، گابرێل سۆما، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین بابەتی تاوتوێ کرد، وەک هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە حکومەتی نوێی سووریا، مەترسییەکانی داعش، هەڕەشەکانی تورکیا، ئایندەی سووریا و چەند بابەتێکی دیکە.

ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە: 

ئایا ئەمریکا پلانی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا یان ڕۆژئاوای کوردستان هەیە؟

**دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریر شام لەژێر فەرماندەیی ئەحمەد ئەلشەرع، زۆر بۆچوون و پێشبینی سەبارەت بە بوونی هێزی ئەمریکی لە سووریا سەریان هەڵداوە، ئیدارەی بایدن لەو کاتەدا دەیویست هێزەکانی ئەمریکا بمێننەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە، بەڵام ئێستا پێنتاگۆن بەنیازە هێزەکانی ئەمریکا بکشێنێتەوە.

*ئایا ترەمپ هیچ بڕیارێکی فەرمی داوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی؟

**بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی ئێن بی سی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمریکا لە ماوەی 30 بۆ 90 ڕۆژ هێزەکانی دەکشێنێتەوە؟.. ڕاستە ئەم هەفتەیە پێنتاگۆن سەیری ڕەوشەکە دەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانە لە سووریا، ڕەنگە لە ماوەی مانگێک بۆ 3 مانگ ڕووبدات. ئێستا دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە سووریا هەن و ترەمپ دەیەوێت بە تەواوی بیانکشێنێتەوە.

*باشە، ئەی ئەو هەڕەشانەی ڕێکخراوی داعش دروستی دەکەن؟

**مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، مەترسی لەسەر ئەو زیندانانەش هەیە کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان تێیدا بەندن.

40 هەزار ئەندامی خێزانی داعش و نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر پاراستنی کورد و ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سوپای ئەمریکا کە پشتیوانی کورد دەکەن لەو ناوچەیە.

دیارە ئەگەر سەرۆک ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا بکشێنێتەوە، مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ سووریا و عێراق هەیە. دوای ئەوەی تا ئێستا باسمان لەو زیندانانە کرد، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، چارەنووسی کەمپی هۆل و ئەو کەمپانەی دیکە کە بنەماڵەی داعشیان تێدا دەستبەسەرە، چی دەبێت؟ باش لەبیرمە کاتێک ترامپ 8 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا دا، فەرماندەی سوپای ئەمریکا دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، دواتر سەرۆک ناچار بوو بیروڕای خۆی بگۆڕێت و هێزەکانی بەجێبهێڵێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕاوێژکارەکان پێداگریان لەسەر کرد کە هیچ لێدوانێک لەبارەی کشانەوەی هێزەکانەوە نەدات.

ئێمە نازانین ئێستا دۆخەکە چۆن دەبێت، بەڵام ڕوونە کە سەرۆک پێداگری لەسەر کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکات، لەکاتێکدا کە پێویست بێت، ئەمەش ئەگەری هەیە داعش بگەڕێتەوە.

*ئەگەر سیناریۆکە دووبارە ببێتەوە و نەیارانی بڕیارەکە سەرهەڵبدەن و کشانەوەکە جێبەجێ نەکرێت؟

**ڕاستە لەو کاتەدا دژایەتی بۆ ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام ئێستاش ئەگەر سەرۆک بیروڕای خۆی لەسەر ئەم بابەتە بگۆڕێت، ئەگەر هاوکار و ڕاوێژکارەکانی پێداگری بکەن لەسەر ئەوەی کە کشانەوەی هێزەکان بەتەواوی ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، واتە گەڕانەوەی داعش بۆ سووریا و عێراق، ئەوا سەرۆک ناچار دەبێت جارێکی دیکە هێز ڕەوانەی ناوچەکە بکاتەوە.

بۆیە ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت، بەڵام دیارترین شت ئەوەیە کە سەرۆک لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە سوورە و ترەمپ هەمیشە دەڵێت: کێشەکانی سوریا کۆتایی نایەت و کێشەی ناوخۆیین، ئەمریکاش ئامادە نییە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیدا بکات.

گەورەترین مەترسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا تورکیایە، هەڕەشەکانی تورکیا و پێداگرییەکەی لەسەر دوورخستنەوەی کورد لە ناوچەکە، ئاشکرایە دوژمنایەتی لە نێوان تورکیا و کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کوردی سووریا لەو ناوچەیە هەن، باوەڕناکەم ئەو ناوچەیە بە کورد چۆڵ بکرێت.

من پێم وایە دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لەم بوارەدا لەگەڵ تورکیا کار دەکات. پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە کورد بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەگەر تورکیا بیویستایە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵێت و ئەو ناوچانەش بەدڵنیاییەوە ناوچەی کوردین و ئێستاش هێزەکانی ئەمریکا بنکەیەک بۆ خۆیان لە ناوچەی کۆبانێ دادەمەزرێنن، پێموایە زەحمەتە کورد لەو ناوچەیە دوور بخرێتەوە.

تۆ باسی خاڵێکی گرنگت کرد: ئەگەر ئەمریکا گڵۆپی سەوز نەداتە تورکیا، ئایا دەتوانێت هێرش بکات؟

**بەدڵنیاییەوە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ تورکیا کاردەکات پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێنەوە، بەدڵنیاییەوە دانوستان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەکرێت بۆ گەرەنتیکردنی کورد لە ناوچەکەدا.

هەروەها کەمینەی مەسیحی لە سووریا وەک ئاشووری، کلدان، ڕۆمانی و ئەوانی دیکە لە ناوچەکەدا هەن، من باوەڕم وایە کە ئیدارەی ئەمریکا ڕێگە نادات ئەم گرووپانە بکرێنە ئامانج، بەو پێیەی بوونیان لە ناوچەکەدا مێژووییە، دڵنیام کە فشار لەسەر سەرۆک کۆماری تورکیا دەبێت بۆ ئەوەی بوونی ئەو گرووپانە لەبەرچاو بگرێت.

ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان بکشێنەوە، بە بۆچوونی من بۆشایییەکی گەورە لە ناوچەکەدا دروست دەبێت و ئەگەر تورکیاش بیەوێت ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا بکشێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی ڕەوا نییە، چونکە ئەمە وادەکات تورکیا کردەوەی توندوتیژی دژ بە کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات.

ڕاستە سەرۆک ترەمپ هێشتا هەڵوێستێکی ڕوونی لەسەر ئەم بابەتە نەگرتووە، بەڵام دەزانێت کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بۆ ئەوەی هێرشەکان لە ناوچەکەدا دەستپێبکات، ئێمەش ئەوەمان ناوێت من باوەڕم بەوە نییە کە واشنتۆن بیەوێت هێرش بکرێتە سەر دانیشتووانی ناوچەکە کە چەندین نەوە شەڕیان کردووە. وەک وتم پێکھاتەکانی کورد، سریانی، ئاشووری و کلدانی سەدان ساڵە لەو ناوچەیەدا دەژین. ئەگەر سوپای ئەمریکا بەتەواوی بکشێتەوە، یەک سەربازی ئەمریکی نەمێنێتەوە، ئەمە ئەو کاتەیە کە تورکیا ئەم دۆخە دەقۆزێتەوە و دەچێتە ناوچەیەکی فراوان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

پێموانییە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یان کۆشکی سپی ئەمە قبووڵ بکات، چونکە ئەو بۆشاییە ڕێگە بە تورکیا دەدات ناوچەکە داگیربکات و نە واشنتۆن و نە هێزەکانی هەسەدە ئەمەیان ناوێت.

*باشە، کام هێز جێگەی هێزە ئەمریکییەکان دەگرێتەوە، هێزە عەرەبییەکان، هێزە نێودەوڵەتییەکان، یان تەنانەت هێزەکانی حکومەتی نوێ؟ ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئایا هێزەکانی فەرەنسی یان بەریتانیا دەمێننەوە؟ 

**ئەمەش پەیوەستە بە بڕیاری کۆشکی سپی ئەگەر بڕیار درا کە هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئەوا ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا نەبێت، هێزەکانی ئەوروپاش دەکشێنەوە. ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر بوونی ئەوروپا لە ناوچەکەدا نەبێت، ئەوا بەداخەوە زلهێزەکانی ئەوروپاش بڕیاری کشانەوە لە ناوچەکە دەدەن. ئایا هێشتا هەڵوێستی ئەمریکا و ترەمپ سەبارەت بە حکومەتی نوێ ڕوون نییە؟

*ئایا ترەمپ سەرۆکی نوێ وەک شەرع دەبینێت یان وەک جۆلانی؟

**تا ئێستا ترەمپ هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە دەستەی تەحریر شام و ئەحمەد شەرع نەداوە و دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەحمەد شەرعیش لە لیستی تیرۆردابوو، بەڵام ئەمریکا ئەمەی یەکلایی کردۆتەوە، لەکاتێکدا دەستەکە هێشتا لە لیستی تیرۆردایە. ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بزانێت لە سووریا چی ڕوودەدات، هەروەها دەستەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع چۆن دەست بەسەر ئیدارەی سووریادا دەگرێت. ئەمریکا هیچ هۆکارێکی نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەرع بکات کە ببێتە سەرۆکی سوریا یان تەحریر شام حکومڕانی سووریا بکات.

*ئایا ئەمریکا لە ڕەفتار و کردەوەکانی شەرع ڕازییە؟

**ئەمریکا هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ مانەوەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی سووریا، دەستوەردان لەم کارەدا ناکات ئیدارەی ترەمپ پێی وایە ئەمە زیاتر سوودی بۆ سوورییەکان هەیە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، بەمەرجێک کە دەستەی تەحریر شام ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت سەبارەت بە کەمینەکانی ناو سووریا، وەک کورد و مەسیحییەکان، ئەگەر شەرع ڕێز لە بوونی ئەم توخمانە لە سووریا بگرێت بەبێ ئەوەی زیان بە مافەکانی مرۆڤ بگەیەنێت، ئەمریکا هیچ کێشەیەکی نەدەبوو بۆ ئەوەی ببێتە حاکمی سووریا.

*باسی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد تاوتوێ دەکەین، وەک دەزانین ترەمپ لە ساڵی 2019 هەوڵیدا و ئێستاش هەوڵ دەدات ئایا ئەمریکا جدییە و بەرژەوەندییەکەی چییە؟

**من باوەڕم بەوە نییە، بەتایبەتی کە سەرۆک ترەمپ نایەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە بکات، هەروەها هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووری ئەمریکا لە سووریادا نییە، ئەمریکا نایەوێت گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا بگرن، چونکە ئەمە زیانێکی گەورە دەگەیەنێت و هێز دەدات بە داعش و ژمارەکانیان زیاد دەکات و دواتر دەتوانن زیانێکی گەورە بە سووریا بگەیەنن. سەرۆک ترەمپ ترسی ئەوەی هەیە داعش دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی سووریادا بگرێت، بۆیە باوەڕم وایە کار بۆ پاراستنی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و ڕەتکردنەوەی تێپەڕاندنی داعش دەکات.

ئێستا ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی داوە، ئایا ئەمە ئەو مانایە دەگەیێنێت کە هاوپەیمانی لەگەڵ "هێزەکانی سووریای دیموکرات" نابێت؟  

** هەمان ئەو دۆخەی 8 ساڵ لەمەوبەر تێیدا بووین کاتێک ترەمپ بڕیاری کشانەوەی دا، دواتر لەژێر فشاری ڕاوێژکارەکاندا بیرۆکەکەی گۆڕی، چونکە بۆیان دەرکەوت کە کشانەوەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە هەیە، پێموایە ئەمجارەش هەمان شت دەتوانێت ڕووبدات، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ترەمپ ئەمجارە پێداگری لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات بەبێ گوێدانە ئەنجامەکەی، ئایا دەتوانێت بیرۆکەکەی بگۆڕێت؟ من ئەوە نازانم، تا ئێستا پێدەچێت ئیرادە بێت و داوای لە پێنتاگۆن کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا ڕێگەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا ئامادە بکات و لەوانەیە دوای مانگێک یان زیاتریش ئەوە ڕووبدات و نازانین ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەهێڵێتەوە یان نا.

من وەکو خۆم پێم باشە هێزی ئەمریکی هەبێت، چونکە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریادا دەستوەردانێکی گەورەی تورکیا ڕوودەدات.

دوا پرسیارم ئەوەیە، داهاتووی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی "هێزەکانی سوریای دیموکرات"دا دەبن، بەتایبەتی کە پێکدادانەکانی بەنداوی تیشرین و دەوروبەری کۆبانی هێشتا بەردەوامن، چارەنووس و ئایندەی ئەو ناوچانە چییە؟

**ڕاستە، کاتێک لە 8ـی کانوونی دووەمدا بەشار ئەسەد ڕووخا، سوپای نیشتیمانی بەرەو باکوور ڕۆیشت و دەستی کرد بە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمەش زۆر جێی داخە چونکە ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی حاکمە نوێیەکان نیازی لێدانی ئەو ناوچانەیان هەیە، داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن بچنە ناو سوپای نیشتیمانی و چەکەکانیان ڕادەستی سوپای نیشتیمانی بکەن، چونکە متمانەی ئەوەندە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

ئیدارەی ترەمپ هێشتا بە وردی لێکۆڵینەوە لەو بابەتانە دەکات، بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدات.

* زۆر سوپاس دکتۆر گابرێل سۆما، تۆ لە شاری دێریکەوە هاتووی لە کوردستانی سوریا، هیوادارین بەم زووانە سەردانی شارەکەت بکەیت و لەوێشەوە میوانی وڵات تیڤی بیت.

**ئیشاڵڵا زۆر سوپاس.